(نوچەنێت) فەرهاد حەسەن
بڕیارە بەم زووانە وەزیری كشتوكاڵی عێراق (محەمەد خەفاجی) سەردانی هەرێمی كوردستان بكات و كار لەسەر ئەو كێشەو گرفتانە بكات كە لەبواری كشتوكاڵەوە لەنێوان هەولێر و بەغدا دا هەن.
سەفین ئاغا عومەر بڕیاردهری لێژنەی كشتوكاڵ و ئاودێری پەرلەمانی كوردستان كە ئێستا لەگەڵ شاندێكی لیژنەكەیان لە بەغدان، ئەوەی بۆ (نوچەنێت) ئاشكرا كرد كە بەم زووانە وەزیری كشتوكاڵی عێراق سەردانی هەرێمی كوردستان دەكات.
دوای ئەوەی لەچەند رۆژی رابردوودا شاندە پەرلەمانییەكەی هەرێم كۆبوونەویان لەگەڵ وەزیری كشتوكاڵی عێراقی ئەنجامدابوو، وەزیرە عێراقییەكە بە شاندەكەی پەرەلمانی هەرێمی وتبوو كە بەم زووانە سەردانی هەولێر دەكات، بۆ ئەم مەبەستەش سەفین ئاغا عومەر دەڵێ “وەزیری كشتوكاڵی عێراق بڕیاری داوە كە بەم زووانە دێتە هەرێمی كوردستان و دەچێتە پەرلەمان و وەزارەتی كشتوكاڵ و وەك خۆی بەئێمەی راگەیاند بۆ ئەوە سەدانی هەرێمی كوردستان دەكات، تا چارەسەركردنی ئەو كێشانەی نێوان هەولێر و بەغدا بكرێت كە لە بواری كشتووكاڵدا هەن”.
ناوبراو باسی لەوەش كرد كە جگە لە وەزیری كشتوكاڵ، لیژنەیەكی تایبەتی وەزارەتی كشتوكاڵی عێراقیش سەردانی هەولێر دەكەن بۆ ئەوەی رووپێوێكی تەواویان لەبارەی ئەو زەویە كشتوكاڵیانەوە دەستكەوێ كە جوتیارانی هەرێمی كوردستان ساڵانە گەنمی لێ بەرهەم دێنن، چونكە وتی “وەزیری كشتوكاڵ بەڵێنی داوە كە وەرگرتنی گەنمی ساڵانەی جوتیارانی هەرێمی كوردستان هاوتای جوتیارانی عێراق بكات”
چەند رۆژێكە ئەو شاندەی لیژنەی كشتوكاڵی پەرلەمانی سەردانی بەغدایان كردووە و چەندین دیداری تایبەتیان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق ئەنجامداوە بۆ چارەسەری ئەو كێشەو گرفتانەی كە لەنێوان هەولێر و بەغدا هەن لەبواری كشتوكاڵەوە.