نوچه‌نێت
په‌یمانگاى واشنتن بۆ توێژینه‌وه له راپۆرتێكدا باس له‌وه ده‌كات له‌سه‌ره‌تاى سه‌رۆكایه‌تى جۆ بایدن جگه له ئێران، هه‌ر یه‌كه له چین و رووسیایش دێنه ململانێى عێراقه‌وه.
راپۆرته‌كه‌ى په‌یمانگاى واشنتن له‌لایه‌ن ئانا بۆرشچڤیسكایا نووسراوه، باس له سیاسه‌تى جۆ بایدنى سه‌رۆكى هه‌ڵبژێردراوى ئه‌مریكا له عێراق ده‌كات.
ئانا پێشبینى ده‌كات له‌ساڵى یه‌كه‌مى سه‌رۆكایه‌تى بایدن، هیچ بایه‌خێكى ئه‌وتۆ له‌لایه‌ن ئه‌و حكوومه‌ته‌وه به عێراق نه‌درێت. به‌هۆى ئه‌وه‌ى ئه‌مریكا خه‌ریكى كێشه ناوخۆییه‌كانى ده‌بێت و له‌لایه‌كى تریش خۆى بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى زلهێزه‌كان ئاماده ده‌كات.
ئانا ده‌ڵێ تا ئێستا بایدن قسه‌یه‌كى ئه‌وتۆى له‌سه‌ر عێراق نه‌كردووه، ته‌نیا ئه‌وه نه‌بێت گوتوویه‌تى له مه‌ترسى رێكخراوى تیرۆرستى داعش هه‌ندێك له هێزه‌كان ده‌هێڵێته‌وه.
ئه‌و توێژه‌ره باس له‌وه‌یش ده‌كات جیا له‌وه‌ى ئه‌و هێز و پاڵپشتییه كه‌مه‌ى ئه‌مریكا هاوكاریى عێراقییه‌كان نابێت له جڵه‌وكردنى هه‌ژموونى ئێران، ئه‌وا دوو وڵاتى تریش دێنه ناو ململانێیه‌كه‌وه.
یه‌كه‌میان رووسیایه كه چاوى بڕیوه‌ته وه‌به‌ر‌هێنانى وزه و فرۆشتنى چه‌ك له عێراق، ئه‌ویتریشیان چینه ده‌یه‌وێ زیاتر بایه‌خ به عێراق بدات و بیخاته سه‌ر رێى ئاوریشمى نوێ.