سێ وەزارەت لیژنەیەكی باڵا بۆ چارەسەری كێشەكانی خوێندنی ئیسلامیی پێكدەهێنن

0

(نوچەنێت) فەرهاد حەسەن

لیژنەی ئەوقاف و كاروباری ئایینی لە پەرلەمانی كوردستان ئەوە دووپات دەكاتەوە كە كۆبوونەوەی دوێنیان لەگەڵ هەرسێ وەزارەتی (پەروەردەو ئەوقاف و خوێندنی باڵا) بۆ چارەسەركردنی كێشەو گرفتی خوێندنی ئیسلامیی لەهەرێمی كوردستاندا، ئەرێنی بووەو بۆ ئەم مەبەستەش هەر سێ وەزارەت بڕیاریان داوە لیژنەیەكی باڵای هاوبەش پێكبهێنن بۆ چارەسەری ئەو كێشانە.

وەیسی سەعید وەیسی برٍیاردەری لیژنەی ئەوقاف و کاروباری ئاینی لە پەرلەمانی كوردستان سەبارەت بەو كۆبوونەوەیەی لیژنەكەیان بە (نوچەنێت)ی راگەیاند “بەمەبەستی چارەسەركردنی كێشەو گرفتەكانی خوێندنی ئیسلامیی لەهەرێمی كوردستان و چەندین داواكاری مامۆستایانی ئایینی سەبارەت بە خوێندنی ئیسلامیی و پەسەندكردنی بڕوانامەكانیان، میوانداری هەریەك لە وەزارەتەكانی ئەوقاف و خوێندنی باڵاو پەروەردەی حكوومەتی  هەرێمی كوردستانمان كرد، دوای گفتوگۆیەكی تێروتەسەل و خستنەڕووی داواكارییەكان گەیشتینە ئەو دەرەنجامەی كە پێویستە بایەخی زیاتر بە خوێندنی ئیسلامیی بدرێت لەهەرێمی كوردستاندا، چونكە تاكە هۆكاری پێگەیاندنی مامۆستای ئایینییە  بەتایبەتیش لە قۆناغی ئێستاماندا مینبەری مزگەوتەكانمان زیاتر پێویستیان بەوەیە مامۆستایانی ئایینی پێبگەیەنرێن”.

ناوبراو ئەوەی ئاشكرا كرد كە “لەو كۆبوونەوەیە بڕیار دراوە لیژنەیەكی باڵا لەسەر ئاستی هەرسێ وەزارەت پێكبهێنرێت بۆ ئەوەی دیراسەتی هەموو ئەو داواكارییانە بكات و ئینجا بڕیاری پێویستیان لەبارەوە بدرێت”.

سەبارەت بە چارەسەری ئەو كێشانەش كە لە كۆبوونەوەكە خۆاونەتەروو بۆ وەزاەرتە پەیوەندارەكان، بڕیاردەری ئەو لیژنەیە دەڵێ “بەشێك لەو كێشەو داواكارییانە پێویستیان بەوەیە كە یاسایان بۆ دابنرێت و بەشێكیش یاسایان بۆ هەمواربكرێتەوە و هەندێكیشان پێویستیان بە زەمینەسازییە، بۆیە لەئێستادا ئەوان لەرێگەی ئەو لیژنە هاوبەشەیانەوە دیراسەی ئەو كێشەو داواكاریانەی ئێمە دەكەن، ئینجا بڕیاری پێویستی بۆ دەدرێت”.

لە دیارترین ئەو كێشانەی كە لە ئێستا رووبەڕووی خوێندنی ئیسلامیی لە هەرێمی كوردستان دەبێتەوە وەیسی سەعید وتی “وەرنەگرتنی رێژەی پێویستی قوتابیانی خوێندنی ئیسلامییە لە زانكۆ و پەیمانگاكانی هەرێم و هەروەها بەشێك لەمامۆستایانی ئایینیش بەبێ مۆڵەت ماستەرو دكتۆرایان بەدەست هێناوە و بڕوانامەكانیان گرفتی تێدایەو بۆیان پەسەند ناكرێت، هەروەها گرفتی ناسناوی زانستی بۆ مامۆستایانی ئایینی كە هەڵگری بڕوانامەكانی ماستەرو دكتۆران، ئەمەو جگە لەوەی كە داواشمان كرد كە بایەخێكی تایبەت بە خوێندنی حوجرە بدرێت لە مزگەتەكان، كە لە هەرێمی كوردستاندا 123 حوجرە هەن، پێویستی بەوەیە بەشێوازێكی ئەكادیمیی و سەردەمیانە رێكبخرێن”.  

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com