فازل میرانی کۆنترۆڵکردنەوەی ناوچەکانی شەنگال رادەگەیەنێت و هیوادارە خەڵکی ئاوارەبووی ئەو ناوچەیە بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان
نوچەنێت
سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی کۆنترۆڵکردنەوەی ناوچەکانی شەنگال رادەگەیەنێت و هیوا خوازە، خەڵکی ئاوارەی ئەو ناوچەیە بگەڕێنەوە سەرماڵ و حاڵی خۆیان، داوا لە ئەمریکاو یەکێتی ئەورپاش دەکات، هاوکاری حکومەتی کوردستان بکەن، ئەگەرنا تیرۆر دەبێتە هەڕەشەیەکی گەورە لەسەر هەموو ناوچەکە.
فازل میرانی سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەلێدوانێکدا بۆ پاڵپەڕی رەسمی حزبەکەی، رایگەیاند”ئێمە هێزەكانی پێشمەرگەمان ڕێك خستووەتەوە و ئەم دەڤەرەیش چۆڵ ناكەین و پارێزگاری لە خەڵكی خۆمان دەكەین، بەڵام هەندێك جار بە هۆی هاتنەپێشەوەی بارودۆخێكی ناكاو باڵانسەكە تێك دەچێت، بۆیە كۆنتڕۆڵی ئەو دۆخە بۆ بەرپرسانی ناوخۆیی ئاسان نەبوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا ئێستا پێشمەرگە جێگەی خۆی گرتووەتەوە و بەشێكیان ئەسڵەن هەر لە جێگای خۆیان مابوونەوە.”
دڵتەنگی خۆی بۆ خەڵکی ئەو ناوچەیە رادەگەیەنێت و دەڵێت”بۆ هەموو خوشك و برایانی خۆمان دڵتەنگ و خەمبارین بە تایبەتی خوشك و برایانی ئێزدی. ئێمە دەمانەوێت خەڵكی خۆمان بپارێزین، بەڵام كۆنتڕۆڵكردنی ئەو ڕەوشەی بۆ بەرپرسانی ناوخۆیی هاتە ئاراوە، كارێكی ئاسان نەبوو، بۆیە ئێمە هیوادارین خەڵكی خۆمان بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان بگەڕێنینەوە، جێی داخە كە خەڵكی ئێمە ئاوارە بوون بە تایبەتی خوشك و برایانی ئێزدی كە لە رۆژی جەژنیاندان و تیرۆریستان نەیانهێشت جەژنەكە بە خۆشی بەڕێ بكەن.”
هەر لەو لێدوانەدا میرانی داوا لە ئەمەریكا و یەكیەتیی ئەورووپا دەکات” هاوكاریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بكەن، ڕاستە كە هێزی پێشمەرگەیە دەتوانێت هاریكار بێت و ئەمنییەتی كوردستان بپارێزێت، بەڵام ئەوە بۆ قۆناخی یەكەمە و قۆناخی دووەم ئەوەیە كە نەهێڵێت لە عێراقدا تیرۆر گەشە بكات، ئەگەرنا تیرۆریستان دەبنە مەترسییەكی گەورە نەك بە تەنیا لەسەر هەرێمی كوردستان و عێراق، بەڵكو لەسەر هەموو ناوچەكە، لەبەر ئەوە ئەركی كۆمەڵگای نێودەوڵەتییە هەم پێشمەرگە چەكدار بكەن و هەم مۆڵەتیش بدەن حكوومەتی هەرێمی كوردستان خاوەنی چەكی قورس بێت و بكڕێت.”