(نوچەنێت) فەرهاد حەسەن
بڕیارە لە داهاتوودا زیاتر لە 150 پڕۆژهی كشتوكاڵی جێبهجێ بكرێن و وەك باسدەكرێ بەجێبەجێكردنی ئەو پڕۆژانە بۆشایی نێوان بهرههمی ناوخۆیی و هاوردهكردن كهمببێتهوه و ههزاران ههلی كاریش بۆ هێزی كاری ناوخۆیی لەهەرێمی كوردستان دەڕهخسێندرێت.
له لێدوانێكی تایبهتیدا بۆ (نوچەنێت) حوسێن حەمەكەریم وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو لە هەرێمی كوردستان ئەوەی دووپاتكردەوە كە بەجێبەجێكردنی ئەو پڕۆژانە هەرێمی كوردستان پێویستی بە بەرهەمی دەرەكی نامێنێت و روونیكردەوە كە “ئەگەر ئەو پڕۆژانەی دەستەی وەبەرهێنان جێبەجێ بكرێن هەرێمی كوردستان پێویستی بە بەرهەمی دەرەكی نابێت بەتایبەتیش ئەگەر ئەو بەرهەمانەی ناوخۆمان بەباشی پارێزگاری لێبكرێت، چونكە ئەو وڵاتانەی دراوسێمان پێشكەوتوون لە بواری كشتوكاڵدا بەڵام بەهۆی ئەو بارودۆخە ئابوورییەوە نرخی دراوەكانیان زۆر دابەزیوە، بۆیە ئەگەر پارێزگارییەكی باش لە بەرهەمی ناوخۆیی بكرێت ئەوە كاریگەری باشی دەبێت لەسەر پڕكردنەوەی پێداویستی ناوخۆیی”.
دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی كوردستان راگەیاند كە دەستەكەیان دوای توێژینهوهیهك لەلایەن دهستهی وهبهرهێنان و ژمارهیهك لایهنی پەیوەندار، لهسهر بازاڕی كاڵا و كهرستهی كشتوكاڵی، دهركهوت كەوا بۆشاییهكی گهوره ههیه له نێوان بهرههمهێنان و هاوردهكردن و بۆیە بەپێویستیان زانیووە كە پڕۆژهی جیاجیای كشتوكاڵی له ههرێمی كوردستان بخەنهڕوو بۆ پڕكردنهوهی ئهو بۆشاییه.
بەپێی زانیارییەكانی (نوچەنێت) دەستەی وەبەرهێنان لە ئێستادا وەك قۆناغی یەكەم زیاتر لە 150 پڕۆژهی نوێی كشتوكاڵی له ههرێمی كوردستان دەخاتە واری جێبەجێكردن، بۆئەم مەبەستەش وتەبێژی وەزارەتی كسشتوكاڵ دەڵێ “تەواوی زانیارییەكانی ئەو پڕۆژانە لەلای وەزارەتی كشتوكاڵەوە رۆیشتووە بۆ دەستەی وەبەرهێنان، كە ئەو بەرهەمانە چەندی ناوخۆیەو چەندیشی بەرهەمی دەرەوەیە، جا لەبەر رۆشنایی ئەو زانیاریانەی ئێمە ئەو پڕۆژانە گەڵاڵە كراون و بڕیارلەسەر جێبەجێكردنیان دراوە”.
ناوبراو ئەوەش دووپات دەكاتەوە كە “ئەگەر ئەو پڕۆژانە جێبەجێ بكرێن دەرفەتێكی زۆر بۆ هەلی كار لەهەرێمی كوردستان دەڕەخسێ، بەتایبەتیش كە لە ئێستادا دامەزراندن لەكەرتی گشتییدا نیە و دەرچووێكی زۆری زانكۆ و پەیمانگاو ئامادەییەكانیشمان هەن، لەلایەكی دیكەش بەجێبەجێكردنی ئەو ژانە ئەو دراوە قوڕسەی كە بەوهۆیەوە ئەچێتە دەرەوە دوای جێبەجێكردنی ئەو پڕۆژانە ئەو دراوەش ناچێتە دەرەوەی هەرێمی كوردستان”.
وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ ئەوەشی ئاشكرا كرد كە تەواوی ئەو پرۆژانەی كە دەستەی وەبەرهێنان جێبەجێیان دەكات هەموویان بیرۆكەی ناوخۆیین، دەشڵێ “سوود لە بیرۆكەی ناوخۆیی بۆ ئەو پڕۆژانە وەرگیراوە و تەواوی ئەو پڕۆژانەش بیرۆكەی ناوخۆیی هەرێمی كوردستانن”.