نوچه‌نێت
رۆژنامه‌ى وۆڵ ستریت جوڕناڵى ئه‌مریكى له راپۆرتێكدا ئاشكراى كردووه، ئه‌مریكا به ته‌واوى وازى له بیرۆكه‌ى داخستنى باڵیۆزخانه‌كه‌ى له به‌غدا هێناوه كه پێشتر مایك پۆمپیۆ وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا هه‌ڕه‌شه‌ى كردبوو.
وۆڵ ستریت جوڕناڵ له چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كى ئه‌مریكى ئاشكراى كردووه، ئه‌مریكا وازى له داخستنى باڵیۆزخانه‌كه‌ى له عێراق هێناوه و له‌برى ئه‌وه كارێكى تر بۆ سه‌لامه‌تى دیپلۆماتكاره‌كانى ده‌كات.
له مانگى ئه‌یلوولى رابردوو به‌رپرسانى عێراق ئاشكرایان كرد، كه مایك پۆمپیۆ وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا له په‌یوه‌ندییه‌كى ته‌له‌فۆنى له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق هه‌ڕه‌شه‌ى داخستنى باڵیۆزخانه‌كه‌ى كردووه له حاڵه‌تێكدا كه هێرشه مووشه‌كییه‌كان له‌سه‌ر باڵیۆزخانه‌كه به‌رده‌وام بێت و حكوومه‌تى عێراقیش نه‌توانێ سنوورێك بۆ ئه‌و هێرشانه دابنێ.
رۆژنامه وۆڵ ستریت جوڕناڵ ده‌ڵێ له‌برى ئه‌وه ئه‌مریكا به‌شێك له دیپلۆماتكاره‌كانى ده‌كێشێته‌وه و ئه‌و بڕیاره‌یش له‌چه‌ند هه‌فته‌ى داهاتوودا جێبه‌جێ ده‌كرێت.
سه‌باره‌ت به‌هۆكاره‌كه رۆژنامه‌كه گوتوویه‌تى په‌یوه‌ندى به ساڵیادى كوشتنى قاسم سوله‌یمانى هه‌یه كه له سێى كانوونى دووه‌مى ئه‌مساڵ له به‌غدا له هێرشێكى ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ ئه‌بومه‌هدی موهه‌ندیس كوژرا.