نوچه‌نێت
دواى دوو هه‌فته له‌سه‌ردانه‌كه‌ى ئیسماعیل قائانى فه‌رمانده‌ى فه‌یله‌ق قودسى سوپاى پاسداران بۆ عێراق، كه چه‌ندان لێكدانه‌وه‌ى جیاوازى بۆ كرا. ئێران به فه‌رمى ئامانجى سه‌ردانه‌كه ئاشكرا ده‌كات و ده‌ڵێ قائانى له‌گه‌ڵ كازمیش كۆبووه‌ته‌وه.
ئه‌مڕۆ كه‌ناڵى “العالم”ى ئێرانى، دیمانه‌یه‌كى ئیره‌ج مه‌سجدى باڵیۆزى ئێرانى له عێراق بڵاوكردووه‌ته‌وه، كه تایبه‌ته به قسه‌كردن له‌سه‌ر سه‌ردانه‌كه‌ى ئیسماعیل قائانى فه‌رمانده‌ى فه‌یله‌ق قودسى سوپاى پاسداران بۆ عێراق.
ئه‌و سه‌ردانه دوو هه‌فته له‌مه‌وبه‌ر بوو، به‌رده‌وام لێكدانه‌وه‌ى جیاوازى بۆ كراوه و زۆربه‌ى رۆژنامه‌كان باسیان له‌وه كردبوو قائانى بۆئه‌وه سه‌ردانى عێراقى كردووه تا له‌گه‌ڵ لایه‌نه شیعه‌كانى عێراق كۆببێته‌وه و داوایان لێ بكات هێرش نه‌كه‌نه سه‌ر ئه‌مریكا و بیانوو نه‌ده‌نه ده‌ست تره‌مپ.
ئیره‌ج مه‌سجدى له دیمانه‌كه‌دا باس له‌وه ده‌كات سه‌ردانه‌كه‌ى قائانى بۆ ئه‌و مه‌سه‌له‌یه نه‌بووه به‌ڵكو له‌چوارچێوه‌ى فه‌رمى په‌یوه‌ندى دوو قۆڵى نێوان عێراق و ئێران بووه و چاوى به كازمى و سه‌رۆك كۆمار و چه‌ندان به‌رپرسى تر‌ى عێراق كه‌وتووه و له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانى ته‌واوى پێكهاته‌كانى عێراق كۆبووه‌ته‌وه.
باڵیۆزى ئێران له عێراق باس له‌وه ده‌كات كۆمه‌ڵێك كێشه له‌ناو عێراق هه‌یه، به‌ڵام ئێران ده‌ست له‌و كێشانه وه‌رنادات و هه‌موو لایه‌نه‌كانی عێراقیش راوێژ به ئێران ده‌كه‌ن.