جوان رۆژبەیانی: پێویستە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك ئەكتڤ بكرێتەوەو پارێزگاری سەپێنراویش نەمێنێ

0

(نوچەنێت) فەرهاد حەسەن

دوای ئەوەی (نوچەنێت) لە زاری ئەحمەد عەسكەری ئەندامی ئەنجوومەنی هەڵوەشاوەی پارێزگای كەركووك بڵاویكردەوە كە 25 ی ئەم مانگە دانراوە بۆ ئەوەی دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق بابەتی ئەنجوومەنی پارێزگاكان یەكلایی بكاتەوە، سەرۆكی لیژنەی كاروباری ناوچە كوردستانییەكان لە پەرلەمانی كوردستان بە دووری دەزانێت كە دادگای فیدڕاڵی لە بەغدا بتوانێ‌لەم ماوە كەمەدا بابەتی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگاكان یەكلایی بكاتەوە ، چونكە دەڵێ ” لە ئێستادا ئەو دادگایە لەكاركەتووەو ناتوانێ‌ نیسابی قانوونی خۆی تەواو بكات”، بەپێویستیشی دەزانێت كە ئەنجوومەنی پارێزگاكان بەتایبەتیش كەركووك ئەكتیڤ بكرێتەوەو پارێزگاری سەپێنراویش لەكەركووك‌ نەمێنێ .

دادگای فیدڕاڵی لەكاركەوتووەو هیچی پێناكرێت

لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ (نوچەنێت) جوان رۆژبەیانی سەرۆكی لیژنەی ناوچە كوردستانییەكان رایگەیاند ” پێشبینی ناكەم لەو ماوە كەمە دادگای فیدڕاڵی بتوانێ‌ نیسابی خۆی تەواو بكات و ئەو بابەتە یەكلایی بكاتەوە. چونكە ئەو دادگایە لەكار كەوتووە، بەهۆی ئەوەی ئەندامێكی دەستی لەكار كێشاوەتەوەو ئەندامێكی تریش كۆچی دوایی كردووە، بۆیە ناتوانێ‌ هیچ شتێك بكات”.

رۆژی ٢٨ی١٠ی٢٠١٩ پەرلەمانی عێراق، بەمەبەستی تاوتوێکردنی داواکاری خۆپیشاندەران کۆبووەوە و یەکێک لەو بڕیارانەی پەسەندیکرد هەڵوەشاندنەوەی کاری ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بوو. سەرۆكی لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانیش دەڵێ “دوای ئەوەی یاسای هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە پەرلەمانی عێراق دەرچوو، ئێمە وەكو لیژنەی ناوچە كوردستانییەكان دیراسەی ئەو یاسایەمان كرد، كە زۆربەی مادەكانی ئەو یاسایە نادەستووری بوون، ئێمە تانەمان لەو یاسایە دا، دیارە لایەنی تریش هەبوون كە تانەیان لەو بڕیارە دا، بەڵام تانەكەی ئێمە لە پێش هەموویانەوە، كە دادگاییەكە كرا لە 12ی 11ی 2019 ئێمە تانەكەمان بردەوە، هەموو بەڵگەو دیكۆمێنتێكیشمان هەیە، لەبەر ئەوەی ئێمە لایەنێكی یاسایین كە تانە تۆمار دەكەین بەناوی سەرۆكی پەرلەمان دەبێت، راستە لیژنەكەی ئێمە تانەكەی كرد، بەڵام بەناوی سەرۆكی پەرلەمانەوە بوو”.

ئەوكات په‌رله‌مانی عێراق، دوو رێكاری جیاوازی بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان گرته‌به‌ر، ئه‌و هه‌نگاوانه‌شی به‌سته‌وه‌ به‌ داواكاریی خۆپیشانده‌رانی ناڕازی له‌ به‌غدا و شاره‌كانی تر، كه‌ چوار مانگ بوو‌ لە سەر شەقامەكان داوایان دەکرد‌.

سه‌ره‌تا و له‌ 28ی تشرینی یه‌كه‌می 2019دا، به‌پێی بڕیارێك ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگی په‌رله‌مان هه‌ڵوه‌شێنرانه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌و بڕیاره‌ بووە مایەی ناڕه‌زایی و تانه‌ی لێدرا، به‌وپێیه‌ی ناتوانرێت به‌ بڕیار یاسا هه‌ڵبوه‌شێنرێته‌وه‌.

له‌ هه‌نگاوی دووه‌میشدا، په‌رله‌مانی عیراق له‌ 26ی تشرینی دووه‌می 2019، هه‌مواری دووه‌می یاسای ژماره‌ 12ی ساڵی 2018ی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی كرده‌وه‌، تا به ‌یاسا هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌ن جێگیربكات.

یەكەم لایەن بووین تانەمان لەو یاسایە دا

جوان رۆژبەیانی لەبارەی تانەدان لە یاسایە دەشڵێ “ئێمە كە تانەمان لەو یاسایە دا، تانەكەمان بۆ 4 مادەی ئەو یاسایە بوو، كە گرنگترینیان  ئەوەبوو كە ئاوارەكان بۆیان نیە دەنگ بە پارێزگاری خۆیان بدەن، بەتایبەتیش ئەوانەی لە پارێزگاكە نین، لەكاتێكدا ئێمە ئاوارەیەكی زۆرمان لە شنگال و كەركووك  هەن و لەدەرەوەی پارێزگاكەی خۆیانن، یەكێتی تریش لەو مادانە بابەتی فۆڕمی خۆراك و نفوس و رەگەزنامە بوو..”

رۆژبەیانی ئەوە رووندەكاتەوە كە ئامانجی ئەوان لەو تانەدانە  ئەوەبووە كە جارێكی تر پێداچوونەوە بەو یاسایە بكرێت، دەشڵێ “دەمانەویست ئەو یاسایە بگەڕێتەوە ئەنجووومەنی نیشتمانی عێراقی بۆ ئەوەی دووبارە پێداچوونەوەی پێدابكەنەوە، بەڵام دوای ئەوە هەر دواخرا بۆ چەند جارێك و نەتوانراوە تا ئێستاش یەكلایی بكرێتەوە”.

ناوبراو ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات كە ئەوكات ئەوان وەك لیژنەكەیان یەكەم لایەنی یاسایی بوونە كە تانەیان لەو یاسایە داوە، بەڵام دەڵێ “بەداخەوە هەندێ لایەن ئەو تانەلێدانەیان كردە دەستكەوتی خۆیان هەم لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و هەمیش لەلای هەندێ لایەنی سیاسی، بەڵام لای ئێمە  بەڵگە و دیكۆمێنت هەیە”.

پێویستە پارێزگاری سەپێنراو نەمێنێ

سەرۆكی لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی پەرلەمانی كوردستان رەخنە لە نوێنەرانی كوردی پەرلەمانی عێراق لە كەركووك دەگرێ كە نەیانتوانیوە بۆ چاودێری كارەكانی حكوومەت لە كەركووك ئەو بۆشاییە پڕبكەنەوە كە ئەنجوومەنی پارێزگا بەهۆی بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی دروستی كردووە، بۆیە دەڵێ “بەداخەوە نوێنەرە كوردەكانمان لە كەركوك، نەبانتوانیوە ئەو رۆڵە ببینن چونكە ئەو پارێزگارە سەپێنراوەی ئێستا لە كەركووك هەیە حساب بۆ یەك كەسیان ناكات و بەردەوامە لە ئیشەكانی خۆی كە یەكێك لە كئیشەكانیشی تەعریبكرنە و دەرگای تەعریب كردنی بەرووی كەركووكدا كردۆتەوە،  ئەوانیش هیچ رۆڵێكیان نیە لەبەرانبەر پارێزگاری كەركووك و نەیانتوانیوە رۆڵی چاودێریكردن ببینن”.

جوان رۆژبەیانی بە پێویستی دەزانێت كە كاری ئەنجوومەنی پارێزگاكان ئەكتیڤ بكرێتەوە بەتایبەتیش ئەنجوومەنی  پارێزگای كەركووك ، دەشڵێ “بەپێویستیشی دەزانین كە پارێزگاری سەپێنراو لەوێ‌ نەمێنێ و پارێزگارێكی كورد كە ئەو پۆستە پشكی كوردە لە كەركووك دابنرێتەوە، ئەمانەش هەرهەمووی پێویستیان بە رێككەوتنی سیاسییە ، حكوومەتی عێراقیش دەبێ لەو پرسە هاوكار بێت چونكە پارێزگاری سەپێنراو ئەگەر دەستێكی لە پشت نەبێ چۆن دەاتونێ‌ بە هەوەسی خۆی و بێ گوێدانە هیچ كەسێك ئەو كارانە لە كەركووك ئەنجام دەدات”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com