نوچه‌نێت
له راپۆرتێكى رۆژنامه‌ى شه‌رق ئه‌وسه‌ت ئاشكرا كراوه، 27 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ئیسرائیل سیخوڕێكى له‌ئێران داناوه و بۆئه‌وه‌ى زانیارى له‌سه‌ر موحسین فه‌خریزاده كۆبكاته‌وه كه هه‌فته‌ى رابردوو له تاران كوژرا.
زانیارییه‌كانى رۆژنامه‌ى شه‌رق ئه‌وسه‌ت له رۆژنامه‌ى یه‌دیعوت ئه‌حرنوتى ئیسرائیلى وه‌رگیراوه، كه له‌چوارچێوه‌ى راپۆرتێك بڵاوكراوه‌ته‌وه، رۆنین بیرگمان نووسیویه‌تى كه شاره‌زایه‌كى كاروبارى ئه‌منى و هه‌واڵگرییه.
له راپۆرته‌كه هاتووه له ساڵى 1993 ئه‌فسه‌رێكى باڵاى موساد سیخوڕێكى له نزیك موحسین فه‌خریزاده داناوه، بۆئه‌وه‌ى چاودێرى بكات. ئه‌و ئه‌فسه‌ره ئه‌و كات به “كالان” ناسراوه، ده‌ركه‌وتووه ئه‌و ئه‌فسه‌ره یوسى كۆهین بووه كه ئێستا سه‌رۆكى موساده.
له ساڵى 2008 ئه‌و كاته‌ى ئه‌یهود ئۆلمرت سه‌رۆك وه‌زیرانى ئیسرائیل بووه، تۆمارێكى ده‌نگى به جۆرج ده‌بڵیو بۆشى سه‌رۆكى ئه‌مریكا داوه، كه ده‌نگى موحسین فه‌خریزاده بووه باسى پرۆگرامى ئه‌تۆمى ئێران ده‌گات.
راپۆرته‌كه ده‌ڵێ له‌و كاته‌وه ئیسرائیل بیرى له كوشتنى فه‌خریزاده كردووه‌ته‌وه. هه‌ر له راپۆرته‌كه هاتووه ئۆلمرت له دیمانه‌یه‌ك باسى كردووه كه هێنده به وردى فه‌خریزاده ده‌ناسى ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر له شه‌قامیش بیبینى ده‌یناسێته‌وه. ئه‌مه‌یش ئاماژه‌یه بۆ ئه‌و زانیارییانه‌ى له‌سه‌رى كۆكراونه‌ته‌وه.
موحسین فه‌خریزاده رۆژى 27ى مانگى رابردوو له تاران كوژرا، ئه‌و پیاوه به‌رپرسى یه‌كه‌م پرۆگرامى ئه‌تۆمى ئێران بوو. ئێران به فه‌رمى ئیسرائیل به كوشتنى فه‌خریزاده تۆمه‌تبار ده‌كات.