لیژنەی ئارامی سلێمانی : خۆپێشاندانی بەبێ مۆڵەت رێگەپێدراو نییە

0

(نوچەنێت)

ئەمڕۆش خۆپیشاندان و ناڕەزایی  دەربڕین لە سلێمانی بەردەوامی هەیە بۆ ئەم مەبەستەش چەند چالاکوانێک لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراون و گازی فرمێسکڕێژ لە دژی خۆپێشاندەران لە سەرای سلێمانی بەکارهاتووە. لیژنەی باڵای ئارامیی پارێزگای سلێمانی رایدەگەیێنێت، خۆپێشاندانی بەبێ مۆڵەت رێگەپێدراو نییە.

لە پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 3-12-2020 خۆپێشاندان لە سەرای سلێمانی دەستیپێکرد. هێزێکی ئەمنی زۆر بۆ کۆنترۆڵی خۆپێشاندانەکان بڵاوەیان پێکراوە. گازی فرمێسکڕێژ بەکاردەهێنن.

لای خۆشییەوە لیژنەی باڵای ئارامیی پارێزگای سلێمانی كەمێك پێش ئێستا راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوەو تیایدا دەڵێ “هەر کۆبونەوەو گردبونەوەیەک بەبێ ڕەزامەندی پێشوەختەی لیژنەی باڵای ئارامیی ڕێگەپێدراو نییەو، شێواندنی ئارامی شار و ڕاگرتنی جوڵەی بازاڕ لەم قەیرانە ئابورییە قوڵەدا لە بەرژەوەندییی توێژەكانی كۆمەڵگادا نییە”.

لەبەشێكی تری ئەو راگەیەنراوەدا هاتووە “خۆپیشاندانی مەدەنییانەو ئاشتیانە بۆ دەربڕینی ناڕەزایی و داواکارییە ڕەواکان لە چواچێوەی یاسادا؛ یەکێکە لە مافە ڕەواکانی خەڵک و پارێزگاریی لێدەکەین”.

 ‎ لیژنەی باڵای ئارامیی پارێزگای سلێمانی ئەوەش دەخاتەڕوو كە پێویستە كەناڵەكانی ڕاگەیاندن لە چوارچێوەی یاسا ڕێگاپێدراوەكاندا ڕوماڵی ڕوداوەكان بكەن و ئیتیكی ڕۆژنامەوانیی لەبەرچاو بگرن و لەبارەی هێزەكانی ئارامیشەوە دەڵێ “پێویستە هەموو هێزەکان ئارامیی و ئاسایش بپارێزن و خۆیان لە هەر ڕوبەڕوبونەوەو توندوتیژییەک بەدووربگرن”.

ماوەی چەند رۆژێكە چەند توێژێكی جیاجیای شاری سلێمانی كە لەناویاندا فەرمانبەرو مامۆستان بەمەبەستی ناڕەزای دەربڕین لەبەرانبەر دواكەوتنی مووچە و خراپی گوزەرانی خەڵك خۆپیشاندانیان دەستپێكردووەو تا ئێستاش ژمارەیەك چالاكوانی ناو ئەو خۆپیشاندانە لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەستگیركراون.  

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com