(نوچەنێت)
سەرۆككۆماری پێشووی ئێران داوا دەكات دین لە دەوڵەت جیابكرێتەوەو لەبارەی بڕیارێكی پێشتریشی كە لەبارەی بەزۆر لەچككردن بە ژنان دەیدا، ئێستا پەشیمانە.
مەحموود ئەحمەدی نەژاد، سەرۆککۆماری پێشووی ئێران، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ حوسێن شەریعەتمەداری، سەرنووسەری پێشووی رۆژنامەی ‘کەیهان’ی ئێراندا، هەڵوەستەی لەسەر چەندین بابەتی پەیوەست بەنێوخۆی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەكات و چەندین بیروبۆچوونی نوێی خۆی لەسەر دۆخی سیاسەت لە وڵاتەکەیدا ئاشکرا دەكات، باسی بڕیاری بەزۆر سەپاندنی لەچک بەسەر ژنانی ئێراندا کرد و گوتیشی دەکرێ لە ئێران دین و دەوڵەت لەیەک جیابکرێنەوە.
مەحموود ئەحمەدینەژاد، لە چاوپێکەوتنەکەدا لە هەڵوێستی خۆی لەبارەی بەزۆر سەپاندنی لەچک بەسەر ئافرەتاندا پەشیمان بووەوە، ئەمە لە کاتێکدا کە ئەو پێشتر یەکێکبوو لە لایەنگرە هەرە تووندەکانی سەپاندنی لەچک بەسەر ئافرەتان و چاودێریکردنی لەچکردنی بەزۆر. هەروەها بڕیاری دەرکردبوو بەپێبژاردنی دارایی بەسەر ئەو ئافرەتانەدا، کە پابەندی لەچکی بەزۆر نەدەبوون، بڕیارێک کە بەردەوام کێشەی لەنێوان پیاوانی پۆلیسی ئەخلاقی وڵاتەکە، کە راسپێردراوبوون بەچاودێریکردنی لەچککردنی ئافرەتان، لەگەڵ چەندین ئافرەتدا دروستکردبوو.
ئەحمەدینەژاد لە چاوپێکەوتنە نوێیەکەیدا گوتی “پێویستە گەلی ئێران تاکە لایەن بێت بڕیار لەشێوازی بەرگپۆشینی خۆی بدات لە وڵاتەکەدا”، رەخنەی گرت لە “سووربوونی دەسەڵاتدارانی ئێران، بەسەپاندنی لەچککردنی بەزۆر بەسەر ئافرەتاندا”،
ئەحمەدی نەژاد دەشڵێ، “تەنانەت ئەگەر لەچکی پابەندیی یەکێک بێت لە یاساکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش، پێویستە راپرسی گەلی لەسەر وەربگیرێت، تەنانەت ئەگەر عەلی خامنەیی رێبەری کۆماریش بڕوای بەوە بێت، کە پێویستە لەچک بسەپێنرێت، نابێ نەتەوەکە بەتەنیا هەمووی لەسەر قسەی یەک کەس بڕوات”، گوتیشی “یاسای گرێبەستی کۆمەڵایەتی و گەلی ئێران دیاریدەکەن کام یاسایە جێبەجێدەکرێت، نەک کەسێکی دیکە”.