شلێر سه‌عید، تایبه‌ت به‌نوچه‌نێت
دوێنێ مسته‌فا كازمى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق بڕیارى دا تاتوێكردنى پڕۆژه یاساى بودجه‌ى ساڵى 2021 بۆ هه‌فته‌ى داهاتوو دوابخرێت، په‌رله‌مانتارێكى كورد ده‌ڵێ، “دواخستنه‌كه په‌یوه‌ندى به دانوستاندنى نێوان هه‌ولێر وبه‌غدا هه‌یه و بۆئه‌وه‌ى پشكى كورد له بودجه‌كه جێگیر بكرێت”.
سه‌لیم هه‌مزه شوشكه‌یى ئه‌ندامى لیژنه‌ى یاسایى له په‌رله‌مانى عێراق له لێدوانێكى تایبه‌ت به نوچه‌نێت سه‌باره‌ت به هۆكارى ره‌وانه‌نه‌كردنى بودجه‌وه گوتى، “پێمانوایه په‌یوه‌ندى به دانوستانى نێوانى هه‌رێمى كوردستان و به‌غداوه هه‌یه ، بۆئه‌وه‌ى پشكى كورد له بودجه‌ى 2021ى جێگیر بكرێت”.
هه‌رچه‌نده بودجه‌كه به‌م بڕیاره‌ى كازمییه‌وه دوا ده‌كه‌وێت، به‌ڵام وه‌ك سه‌لیم شوشكه‌یى پێیوایه ئه‌مه كارێكى باشه بۆ دیاركردنى پشكى كورد، ئه‌و گوتى، “باشتره پێشتر رێككه‌وتن بكرێت، چونكه رێككه‌وتن له په‌رله‌مان كارێكى قورسه و ئه‌و كات به زۆرینه وه‌ك یاساى پڕكردنه‌وه‌ى كورتهێنانى بودجه تێده‌په‌ڕێت”.
سه‌باره‌ت به‌وه‌ى هه‌ڵسه‌نگاندن و ده‌نگدان به بودجه له په‌رله‌مان چه‌نده كاتى ده‌وێ، سه‌لیم شوشكه‌یى گوتى، “من خۆم قسه‌م له‌گه‌ڵ لیژنه‌ى دارایى كردووه و گوتوویانه 50 رۆژمان ده‌وێ دواتریش خوێندنه‌وه یه‌كه‌م و دووه‌م، له‌وانه كۆتایى مانگى یه‌ك بودجه په‌سند بكرێت”.