(نوچەنێت)
دوای ئەوەی دوێنێ سێشەممە بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان سەردانی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانی كرد، لەهەندێ پەیج هەواڵی ئەوە بڵاوببوەوە كە گوایە كە لەكۆبوونەوەكەی لەگەڵ سەرۆكی هەرێمدا ، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر راگرتنی كۆبوونەوەكانی پەرلەمان.
لەمبارەییەوە نووسینگەی ڕۆژنامەوانی بافڵ تاڵەبانی ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان روونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە و تەواوی ئەو هەواڵە رەتدەكاتەوە. لە روونكردنەوەكەدا هاتووە ” سەبارەت بەھەواڵێکی بێ بنەما و ناڕاست، کە لە ھەندێ سایت و پەیجی بێخاوەن و باوەڕپێنەکراو بڵاوکراوەتەوە و ئاماژە بۆ ئەوەکراوە کە: (لە كۆبونەوەی بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، هاوڕابوون لەسەر ئەوەی كە پەرلەمانی كوردستان لە ئێستادا كۆبونەوەكانی رابگرێت، تا بارودۆخی نێوانیان بەتەواوی ئاسایی دەبێتەوە). بۆ ھەموولایەکی ڕووندەکەینەوە، ھەواڵی وەھا لەم شێوەیە ھیچ بنەمایەکی نییە، و لەو کۆبوونەوەیەدا بابەتی لەم شێوەیە بەھیچ شێوەیەک باسی لێوەنەکراوە”.
دەشڵێ “بۆ ڕای گشتی و میدیاکاران و میدیا بەرپرسیارەکانیش ڕوونیدەکەینەوە، ھەر بۆچون و ھەواڵێکی ڕەسمی لەکەناڵە مەرکەزییەکانی سەر بە مەکتەبی ڕاگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و لاپەڕەی ھاوسەرۆک بافڵ تاڵەبانی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاودەکرێتەوە، بەھای ھەواڵی ھەیەو زانیاری دروست و باوەڕپێکراون”.
دوێنێ سێشەممە 1/12/2020 لە هەولێر، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کرد.
بەپێی هەواڵێكی ماڵپەری فەرمی سەرۆكایەتی هەرێم، لە کۆبوونەوەیەکدا دوایین پێشهاتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و لێکەوتەکانی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆڤید_19 بەتایبەتی لە بواری ئابووریدا و قەیرانی دارایی کە دۆخێکی سەختی هێناوەتە ئاراوە و کاریگەرییەکی نەرێنی کردووەتە سەر ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیان، کێشەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی عێراق و گفتوگۆ و هەوڵی چارەسەرکردنیان و چەند پرسێکی دیکەیان تاوتوێ کرد.
هەر بەپێی هەواڵەكە “هەردوولا جەختیان لە گرنگی و پێویستیی یەکڕیزی و تەبایی و هاریکاریی نێوان لایەن و پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە و سەختییەکان و بەرەنگاربوونەوەی تەحەدییەکانی قۆناناغەکە و داهاتوو کردەوە”.