(نوچەنێت)
بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە ماکسیم ماکسیمۆڤ، باڵیۆزی رووسیا لە عێراق و شاندێکی یاوەری کرد. لە کۆبوونەوەکەدا پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەردوولا تاوتوێکرا و باسیان لە بیرۆکەی هەبوونی گەشتی ئاسمانیی راستەوخۆی هەولێر ـ مۆسکۆ کرد.
لەبارەی کۆبوونەوەکە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و باڵیۆزی رووسیا لە عێراق جەختیان لە پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکان و سەردانی زیاتری شاندەکانی هەردوولایان کردووەتەوە. هاوڕا بوون کە پەیوەندییەکانی هەولێر و مۆسکۆ بە تەنیا لە بواری هاریکاریی وزەدا نەمێننەوە و فراونتر و هەمەلایەن بکرێن.
فراوانکردن و هەمەلایەنکردنی پەیوەندییەکان “بەتایبەتی لە هەردوو بواری کشتوکاڵ و پیشەسازیدا دەبن” بۆ ئەو مەبەستەش لە هەردوولاوە هەنگاوی کردەیی بنرێن و نوێنەرانی هەرێمی کوردستان بەشداری لە شاندەکانی عێراقدا بۆ رووسیا بکەن.
کۆبوونەوەکە لە هەولێر بوو و کۆنسوڵی گشتیی رووسیا لە هەولێر ئامادەی بوو. هەردوولا گفتوگۆیان لەبارەی “پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق لەگەڵ رووسیا، کاری کۆمپانیا رووسییەکانی وزە لە هەرێمی کوردستان، دوایین پێشهاتەکانی دۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق، هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق، پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا و گفتوگۆی چارەسەرکردنی کێشەکانیان، مەترسییەکانی تیرۆر و بەرەنگاربوونەوەی داعش و چەند پرسێکی دیکەی جێی بایەخی هاوبەشیان کرد”.
ئاسانکاری لە فراوانکردنی هاتووچۆی نێوان هەرێمی کوردستان و رووسیا تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو، “بۆ ئەم مەبەستەش بیرۆکەی هەبوونی گەشتی ئاسمانیی راستەوخۆی هەولێر و مۆسکۆ تاوتوێ کرا”.
پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و مۆسکۆ فراوانتر دەکرێن
0
Share.