شلێر سه‌عید، تایبه‌ت به‌نوچه‌نێت
ئه‌مڕۆ له وه‌ڵامى هه‌ڵسوكه‌وتى په‌رله‌مانتارانى یه‌كێتى كه داوایان كردووه حكوومه‌ت روونكردنه‌وه بۆ دواكه‌وتنى مووچه بدات، فراكسیۆنى پارتى داوا ده‌كات قوباد تاڵه‌بانى كه سه‌رۆكایه‌تى شاندى هه‌رێمى كردووه بۆ به‌غدا، له په‌رله‌مان ئاماده بێت و په‌رله‌مانتارێكى پارتیش ده‌ڵێ، “نابێت په‌رله‌مانتارانى یه‌كێتى چیتر ئه‌و نمایشه بكه‌ن”.
ئه‌مڕۆ به هۆى گرژیى په‌رله‌مانى كوردستان نه‌یتوانى دانیشتنى ئاسایى خۆى به‌ڕێوه‌ببات. ژماره‌یه‌كى زۆر له په‌رله‌مانتاران داوایان ده‌كرد به‌ر له هه‌موو شتێك په‌رله‌مان گفتوگۆ له‌سه‌ر داواكهوتنى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران بكات، به‌شێكى زۆر له‌و په‌رله‌مانتارانه یه‌كێتى بوون، كه داوایان ده‌كرد حكوومه‌ت روونكردنه‌وه به هاووڵاتییان بدات و له په‌رله‌مان ئاماده بێت.
له‌به‌رانبه‌ردا له كاتى دانیشتنه‌كه‌ى په‌رله‌مان ئومێد خۆشناو سه‌رۆكى فراكسیۆنى پارتى گوتى، ئێمه‌یش له‌گه‌ڵ ئه‌وه داین باسى مووچه بكرێت و ده‌بێت ئه‌و شانده ئاماده بێت كه دانوستاندنى له‌گه‌ڵ به‌غدا كردووه.
“نوچه‌نێت” له‌سه‌ر ئه‌و هه‌ڵوێستى سه‌رۆكى فراكسیۆنى پارتى له په‌رله‌مانتارێكى ئه‌و حزبه‌ى پرسى، ئایا ئه‌مه وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌كه بۆ هه‌ڵسوكه‌وتى په‌رله‌مانتارانى یه‌كێتى و شانده‌كه تۆمه‌تبار ده‌كرێت؟ د. رێبوار بابكه‌یى په‌رله‌مانتارى پارتى له وه‌ڵامدا گوتى، ” بابه‌ته‌كه ئه‌وه نییه كێ تاوانباره و له‌ئه‌ستۆى كێیه؟ قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان، سه‌رۆكایه‌تى شاندى نوێنه‌رایه‌تى هه‌رێمى كوردستانى كردووه بۆ دانوستاندن له‌گه‌ڵ به‌غدا له‌سه‌ر ماف و شایستهدارهكانى هه‌رێم. ئێمه داوامان كردووه ئه‌و شانده بێنه په‌رله‌مان تا په‌رله‌مانتاران به‌رچاویان روون بێت له‌وه‌ى چ گوزه‌راوه” .
بابكه‌یى دووپاتى ده‌كاته‌وه ئه‌وان له‌ڕوانگه‌ى گرنگى روونكردنه‌وه‌ى شانده‌كه بۆ په‌رله‌مان ئه‌و داوایه‌یان كردووه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا نكۆڵى له‌وه ناكات كه ئه‌وان ده‌یانه‌وێ ئه‌و “نمایشه كۆتایى بێت كه په‌رله‌مانتارانى یه‌كێتى ده‌یكه‌ن”.
د.رێبوار بابكه‌یى گوتى، “له‌لایه‌كى دیكه‌وه گرنكه ئه‌و شانده بێنه په‌رله‌مان تا ئه‌و نمایشه‌ى سیاسیه‌ى هه‌ندێك له‌په‌رله‌مانى یه‌كێتى ده‌یكه‌ن له سناپ و فه‌یسبوك كۆتایى بێت، چونكه له كاتێك حزبه‌كه‌یان له ده‌سه‌ڵاته بۆیه ده‌بێت بزانن گه‌ر كه‌سێك هه‌بێت به‌رپرسی ئه‌و دۆسیه بێت قوباد تاڵه‌بانیه، بۆیه نابێت ئه‌و جۆره نمایشانه بكرێت له‌كاتێك یه‌كێتى له 1992وه خۆى بهشهریكى حكومڕانى پارتى ده‌زانێت گه‌ر كه‌موكوڕیش هه‌بێت یه‌كێتیش لێى به‌رپرسه نه‌ك به‌ته‌نیا پارتى” .