نوچه‌نێت
ئه‌مڕۆ رۆژنامه‌ى قودسى عه‌ره‌بى راپۆرتێكى له‌سه‌ر گرووپى “ره‌بعوڵا”ى شیعه بڵاوكردووه‌ته‌وه، به‌راورد له‌نێوان هێزى باسیجى ئێران و ئه‌و گرووپه ده‌كات كه به‌ره به‌ره ده‌سه‌ڵاتیان له عێراق زیاد ده‌بێت و هه‌ڕه‌شه بۆ سه‌ر لایه‌نى كۆمه‌ڵایه‌تى و سیاسى و ئه‌منى عێراق دروست ده‌كه‌ن.
“باسیج” گرووپێكى چه‌كدارى ومیلیشیایی ئێرانه، له نیسانى 1980 به فه‌رمانى خومه‌ینى دانراوه. له راپۆرته‌كه‌ى قودسى عه‌ره‌بى باس له‌وه ده‌كرێت ئه‌و رێكخراوه له ماوه‌ى چڵ ساڵى رابردوودا رۆڵێكى زۆر نه‌رێنى هه‌بووه. ئێستایش خه‌ریكه گرووپى ره‌بعوڵا له عێراق هاوشێوه‌ى باسیج گه‌وره ده‌بێت و ئێرانیش ده‌ستى له‌پشت گه‌وره‌كردنى ئه‌و گرووپه هه‌یه.
رۆژنامه‌ى قودسى عه‌ره‌بى له به‌شێكى راپۆرته‌كه ئاماژه بۆ ئه‌و تاوانه و هێرشانه ده‌كات كه له‌ماوه‌ى رابردوودا له‌لایه‌ن گرووپى رهبعوڵاوه به به‌رچاوى هێزه ئه‌منییه‌كانى عێراقه‌وه ئه‌نجام دراوه. له‌وانه سووتاندنى باره‌گاى لقى پارتى له به‌غدا و پێشتریش سووتاندنى نووسینگه‌ى كه‌ناڵى دیجله، كه خاوه‌ندارێتییه‌كه‌ى بۆ سه‌ركرده‌یه‌كى سوننه ده‌گه‌ڕێته‌وه.
سه‌باره‌ت به تاوانه‌كانى ئه‌و گرووپه توندڕه‌وه و شێوازى كاركردنیان له ماوه‌ى رابردوودا ده‌یان راپۆرت له میدیاكانى ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ى عێراق بڵاوكراونه‌ته‌وه، بۆیه لێره‌دا دووباره ناكرێته‌وه. ئه‌وه‌ى گرنگ بێت له راپۆرته‌كه‌ى قودسى عه‌ره‌بى سه‌رنجى خوێنه‌رانى بۆ سه‌ركرده‌ى گرووپه‌كه راكێشاوه كه ناوى “حوسێن مالیكى”یه و به “ئهبوخومهینى” ناسراوه.
ئهبوخهمهینى كێیه؟
ناوى راسته‌قینه‌ى حوسێن ئیبراهیم مالیكییه. چه‌ند ساڵێكه له عێراق له شانۆى تاوان و كوشتارى تایفه‌گه‌رى وه‌ك پاڵه‌وانێكى شیعه ده‌ركه‌وتووه. ده‌گوترێت ئێران په‌روه‌رده‌ى ده‌كات بۆئه‌وه‌ى له‌داهاتوودا پیاوى یه‌كه‌مى ئێران بێت له عێراق. به‌گوێره‌ى ئه‌و راپۆرتانه‌ى پێشتر بڵاوكراونه‌ته‌وه سه‌ردانى ده‌وڵه‌تى عێراق له‌و كه‌سه ده‌ترسن و هه‌زاران حسابى بۆ ده‌كه‌ن.
هیچ شتێك له‌سه‌ر ته‌مه‌نى راسته‌قینه‌ى نازانرێ، به‌ڵام به‌گوێره‌ى ئه‌و وێنانه‌ى بڵاوده‌كرێنه‌وه و ئێستا ته‌مه‌نى كه‌متر له 30 ساڵه و ساڵانێكیشه ده‌ركه‌وتووه. جیا له‌وه‌ى ئه‌و گه‌نجه سه‌رپه‌رشتى گرووپى توندڕه‌وى ره‌بعوڵا ده‌كات، كۆمه‌ڵێك به‌رپرسیارێتى هه‌یه و كه هه‌ندێك له بهرپرسیارێتییهكانى زۆر له ته‌مه‌نى خۆى گه‌وره‌تره. له‌وانه رێكخه‌رى گشتى كه‌تیبه‌كانى حزبوڵایه له عێراق، له هه‌مان كاتدا به‌رپرسى هه‌واڵگرى حزبوڵایه.
له كاتێكدا نازانرێ سه‌ركرده‌كانى كه‌تیبه‌كانى حزبوڵا كێن، ئه‌بو خومه‌ینى وه‌ك خاڵى په‌یوه‌ندى نێوان حزبوڵا و ئێرانه. هه‌ندێك له‌و پێگه ئه‌لیكترۆنیانه‌ى سه‌ربه حه‌شدى شه‌عبین باس له‌وه ده‌كه‌ن ئهبوخومهینى له حه‌سه‌ن نه‌سڕوڵاى ئه‌میندارى گشتى حزبوڵاى لبنانى نزیكه و ته‌نانه‌ت به ” راوێژكارى نه‌سڕوڵا” ناوى ده‌به‌ن.
رۆژنامه‌ى ئیستقلالى عێراقى له راپۆرتێكدا باس له‌وه ده‌كات، سه‌ركرده‌كانى سوننه ئهبوخومهینى به‌وه تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن له سێ ساڵى رابردوو ده‌ستى له كوشتن و رفاندنى سوننه‌كان هه‌بووه، كه‌چى له‌و چه‌ند ڤیدیۆیه‌ى بڵاوكراوه‌ته‌وه، ئهبوخومهینى به ئاشكرا داوا ده‌كات خۆپێشانده‌ران بكوژن جا سوننه بن یان شیعه.
له هاوینى رابردوو به فه‌رمانى كازمى ده‌زگاى دژه‌تیرۆرى عێراقى 14 چه‌كدارى حزبوڵاى گرت و به‌ڵام دواتر له‌ژێر فشارى میلیشیاكان كازمى چه‌كداره‌كانى به‌ردا. به‌گوێره‌ى راپۆرته‌كه‌ى ئیستقلال یه‌كێك له گیراوه‌كان “ئهبوخومهینى” بووه.
جگه له‌مه زانیارى زیاتر له‌سه‌ر حوسێن مالیكى نییه، تا بزانرێ ئاخۆ ئه‌مه به راستى پیاوى داهاتووى ئێرانه؟ یاخود ئێران له‌رووى راگه‌یاندنه‌وه دروستى ده‌كات بۆئه‌وه‌ى وه‌ك هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك له دژى سه‌ركرده ته‌قلیدییه‌كانى شیعه به‌كارى بهێنێ؟