رەزامەندی لەسەر 12 هەزار پارچە زەوی بۆ كەسوكاری شەهیدانی سەنگەر درا

0

(نوچەنێت) فەرهاد حەسەن

وەزارەتی كاروباری شەهیدانی و ئەنفالكراوانی هەرێمی كوردستان ئەوەی ئاشكرا كرد كە رەزامەندی لەسەر دابینكردنی 12 هەزار پارچە زەوی بۆ كەسوكاری شەهیدان وەرگیراوەو لەئێستاشدا بڕیاری رەزامەندییەكە رێكارە یاساییەكانی خۆی وەرگرتووەو كاری لەسەر دەكرێت.

فوئاد عوسمان وتەبێژی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوانی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكی تایبەتدا بە (نوچەنێت)ی راگەیاند “لە ئێستادا لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە رەزامەندی لەسەر دابینكردنی 12 هەزار پارچە زەوی  بۆ كەسوكاری شەهیدان وەرگیراوەو بڕیاری رەزامەندییەكەش رێكارە یاساییەكانی خۆی وەرگرتووەو كاری لەسەر دەكرێت.لە ئێستاشدا گەیشتۆتە وەزارەتی شارەوانی.

وتەبێژی وەزارەتی شەهیدان ئەوەی روونكردەوە كە ئەو 12 هەزار پارچە زەویە تایبەتە بە شەهیدانی سەنگەر” وتیشی “ئەوە كۆتا لیستی شەهیدان نیە بۆ وەرگرتنی زەوی بەڵكو پرۆسەیەكە بەردەوامی دەبێت”.

فوئاد عوسمان ئاماژەی بەوەشدا كە “لەماوەی رابردوودا دوو لیست بۆ شەهیدانی سەنگەر و شەهیدانی جینۆساید رەزامەندییەكی باشمان بۆ وەرگرتوون و هەوڵیشمان دا كە بودجەیەكی تایبەتیان بۆ دابین بكرێ بۆ ئەوەی بتوانن خانوو لەسەر ئەو زەویانەیان دروست بكەن، بەڵام دیارە بەهۆی ئەو دۆخەوە نەتوانراوە ئەوە رەزامەندییە وەربگیرێ”.

ئەوەشی روونكردەوە كە “هیچ مەرجێك لەلایەن وەزارەتی شەهیدانەوە نیە كە بەكەسوكاری شەهیدان بڵێ مەرجە دەبێ خانوو لەسەر زەویەكەتان دروست بكەن، بەڵكو ئەو زەویە وەك بەخشینە لەلایەن حكوومەتەوە بۆ كەسوكاری شەهیدان و هیچ رێگرییەك نیە كە نەتوانێ‌ كڕین و فرۆشتنی پێوە بكات، بەڵام ئێمە هانیان دەدەین كە خانوو دروست بكەن و ببنە خاوەن خانووی خۆیان”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com