نوچه‌نێت
بۆ لێكۆڵینه‌وه له رووداوه‌كانى شارى ناسرییه (زیقار) كه ژماره‌یه‌كى زۆر له خۆپێشانده‌ران تێیدا بوونه‌ته قوربانى، حكوومه‌تى عێراق بڕیارى دا شاندێكى باڵاى ئه‌منى به‌ناوى “تیمى ته‌نگژه‌ى له‌ناكاو” پێكبهێنێ و هێز ره‌وانه‌ى شاره‌كه بكات.
ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م 29ى تشرینى دووه‌م، حكوومه‌تى عێراق بڕیارى دا شاندێكى باڵاى ئه‌منى پێكبهێنێ بۆئه‌وه‌ى ره‌وانه‌ى ناسرییه بكرێن و لێكۆڵینه‌وه له رووداوه‌كانى دوو رۆژى رابردوو بكه‌ن.
له راگه‌یه‌نراوێكى فه‌رمى حكوومه‌تى عێراق هاتووه شانده‌كه ناوى “تیمى ته‌نگژه‌ى له‌ناكاو”ه و له ئه‌ندامیتى هه‌ر یه‌كه له قاسم ئه‌عره‌جى راوێژكارى ئاسایشى نیشتمانى و عه‌بدولغه‌نى ئه‌سه‌دى سه‌رۆكى ده‌زگاى ئاسایشى نیشتمانى پێكهاتووه.
ماڵپه‌ڕى به‌غداد توده‌ى عێراقى ئاشكراى كردووه، هه‌ر ئه‌مڕۆ تیمه‌كه گه‌یشتووه‌ته ناسریه و بڕیاره ده‌ست به لێكۆڵینه‌وه بكرێت.
له به‌شێكى راگه‌یه‌نراوه‌كه‌ى حكوومه‌ت دووپات له‌سه‌ر ئه‌وه كراوه‌ته‌وه، ده‌سه‌ڵاتى ئه‌منى و دارایى و كارگێرى ته‌واو به تیمه‌كه دراوه، بۆئه‌وه‌ى له‌پێناو پاراستن خۆپێشانده‌ران له بڕیاردان سه‌رپشك بێت.