پەرلەمان بەدواداچوون بۆ بابەتی (بازرگانیكردن بە زەوی شەهیدان) دەكات

0

(نوچەنێت) فەرهاد حەسەن

بەپێی زانیارییەكانی (نوچەنێت) لیژنەیەكی پەرلەمانی كوردستان سەرقاڵی بەدوادچوونە بۆ بابەتێك كە تایبەتە بە بازرگانیكردن بە زەوی كەسوكاری شەهیدان لە سنوری سلێمانی و راپەریندا، لەبەرانبەریشدا وەزارەتی شەهیدان ئامادەیی خۆی بۆ وەڵامدانەوەی هەر پرسیارێكی پەرلەمان دەربڕی لەبارەی ئەو بابەتەی كە باس لە بازرگانیكردن بە زەوی شەهیدانەوە دەكرێ.

ماوەیەك لەمەوبەر ئەندامێكی پەرلەمان لە ناو دانیشتنی پەرلەماندا ئەوەی حستەڕوو كە بازرگانی بە زەوی شەهیدانەوە دەكرێت، ئەم بابەتە بەلای سەرۆكایەتی پەرلەمانەوە  جێی گرنگی پێدان بوو بۆیە سەرۆكی پەرلەمان لیژنەیەكی بۆ بەدواداچوونی ئەو بابەتە دروست كرد هەروەك (سوسن محەمەد میرخان) سه‌رۆكی لیژنه‌ كاروباری شه‌هیدان وجینۆساید و زیندانیانی سیاسی لە پەرلەمان باس لەسەرەتاكانی باسكردنی ئەو بابەتە لەناو هۆڵی پەرلەمان دەكات و دەشڵێ “كە ئەو پەرلەمانتارە ئەو بابەتەی باسكرد سەرۆكی پەرلەمان داوای كرد كە لیژنەیەك دروست بكرێت بۆ بەدواداچوونی ئەو بابەتە، ئەوەبوو ئێمەش وەك لیژنەی كاروباری شەهیدان و زیندانیانی سیاسی نووسراوێكمان ئاڕستەی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان كرد كە بەهۆی ئەوەی ئەو بابەتە پەیوەستە بەشەهیدانەوە پێویستە ئەندامێكی لیژنەی شەهیدانیشی تێدابێ ، چونكە سەرۆكی پەرلەمان ئەندامانی لیژنەی شارەوانی دەستنیشان كردبوو بۆ بەدواداچوونی ئەو بابەتە، ئەوەبوو دەستەی سەرۆكایەتی وەڵامی ئێمەیان دایەوە و رەزامەند بوون لەسەر ئەوەی كە ئەندامێكی لیژنەكەمان لەو بەدواداچوونە بەشداربێت”.

لەبارەی ئەوەی كە تا چەند زانیاری و بەڵگەی پێویستیان لەبەردەستە بۆ بەدواداچوونی ئەو بابەتە، سوسن محەمەد میرخان وتی “لەئێستادا هیچ بەڵگەو زانیاریەكمان لەبەردەست نیە بۆ ئەو بابەتە چونكە ئەو پەلەمانتارەش كە باسی ئەو بابەتەی كردبوو هیچ بەڵگەو زانیارییەكی بۆ ئێمە نەخستۆتەڕوو  و جارێ تەنها قسەیە، بەڵام ئێمە بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتە دەكەین”.

لەبارەی ئەوەی ئەگەر لە حاڵێكدا ئەو پەرلەمانتارە هیچ بەڵگەیەكی نەبێت بۆ ئەو بابەتە ئێوە وەك لیژنەی شەهیدانی پەرلەمان چ هەڵوێستێكتان دەبێت؟ ناوبراو وتی “لەراستیدا ناكرێ ئەندامی پەرلەمان لەخۆیەوە تۆمەت دروست بكات تەنانەت بۆ هاوڵاتیەكی ئاساییش، بەڵام دیارە ئەو پەرلەمانتارە شتێكی لەبەردەستە، هەرچەندە تا ئێستا هیچ بەڵگەیەكی بۆ لیژنەكەی ئێمەو دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان  نەخستۆتەڕوو، تەنها ئەوەی كە سەرۆكی پەرلەمان لیژنەیەكی دروستكردووە بۆ بەدواداچوونی ئەو بابەتە، بۆیە تا ئەنجامی لیژنەكان لە بەدواداچوونەكانیان تەواو نەبێ ناتوانین هیچ قسەیەك لەسەر ئەو بابەتە بكەین”.

سەرۆكی لیژنەی كاروباری شەهیدان لەپەرلەمان ئەوەش رەتدەكاتەوە كە بزانن ژمارەی ئەو زەویانە چەندە كە بازرگانییان پێوە كرابێت، بەڵام دەڵێ “تا ئێستا هەر ئەوە ئەزانین كە ئەو زەویانەی باسی دەكرێ لە سنووری سلێمانی و راپەڕینە”

لایخۆشییەوە فوئاد عوسمان وتەبێژی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوانی هەرێمی كوردستان ئەوەی دووپات كردەوە كە وەزارەتەكەیان ئامادەیە بۆ وەڵامدانەوەی هەر پرسیارێك لە سەر ئەو بابەتە ، بەڵام وتیشی “نازانم مەبەستیان لە بازرگانی كردن بە زەوی شەهیدان چیە، ئەگەر مەبەستیان ئەوە بێت كە خەڵكەكە خۆی دەیفرۆشێ یان كڕین و فرۆشتنی پێوە دەكەن، بێگومان ئەو زەویە وەك بەخشینە لەلایەن حكوومەتەوە بۆ كەسوكاری شەهیدان و هیچ رێگرییەك نیە كە نەتوانێ‌ كڕین و فرۆشتنی پێوەبكات”. ئەوەشی دووپات كردەوە كە “ئەگەر هەر بەڵگەیەكیشیان لەبەردەستە كە لابەلا بازرگانی بە زەوی شەهیدانەوە كراوە، ئەوا دەتوانن بیكەنە پرسیارو لەرێی سەرۆكایەتی پەرلەمانەوە ئێمەش وەڵامی دەدەینەوە. یان دەكرێ پەرلەمان خۆی بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتە بكات”.

وتەبێژی وەزارەتی شەهیدان ئەوەشی روونكردەوە كە “لای ئێمە لیست هەیە، ئەو لیستە تایبەتە بە شەهیدان ئەوانەی تا ئێستا رەزامەندیان بۆ وەرگیراوەو وەریان گرتووە ئەوا لە لیستەكەی دیارن، ئەوانەشی كە تا ئێستا وەریاننەگرتووە بەهەمان شێوە لە لیستەكانمان دیارن”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com