(نوچەنێت) فەرهاد حەسەن
رێكخراوی پزیشكانی بێ سنور، هۆشداری له رودانی كاره‌ساتێكی گەورەی مرۆیی ده‌كات به‌هۆی داخستنی كه‌مپی له‌یلان لە كه‌ركوكه‌وه، دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی زۆره‌ملێی ئاواره‌كان.
له به‌یاننامه‌یه‌كدا كە وێنەیەكی بۆ (نوچەنێت) نێردراوە، رێكخراوه‌كه ئەو هۆشدارییە دەدات ئەویش بەهۆی ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی ناردنه‌وه‌ی ئاواره‌كانی كه‌مپی له‌یلان یه‌ك له كه‌ركوك.
به‌پێی به‌یاننامه‌كه؛ دانیشتوانی كه‌مپه‌كه ترسی خۆیان بۆ رێکخراوی نێودەوڵەتی پزیشکانی بێ سنور (MSF) باسكردووه، به‌هۆی گه‌ڕانه‌وه‌ی زۆره‌ملێ، ئەوەیان خستۆتەڕوو كە ئەوان نیگه‌رانی داخستنی ئەو كەمپەن بەوشێوە خێرایە”. دەشڵێن “ئەگەر دەشیانەوێت کامپەکە دابخەن، نابێت ئێمە بگەڕێننەوە ناوچەکانمان لە ئێستادا”.
ماوەیەكە حكومه‌تی فیدراڵی عیراق، هه‌ڵمه‌تێكی ده‌ستپێكردوه كە تا كۆتایی ئه‌مساڵ كه‌مپه‌كانی دابخات، ئه‌وه‌ش به‌وته‌ی وه‌زاره‌تی كۆچ و كۆچبه‌ران له‌رێی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئارەزوومەندانەی ئاواره‌كان بۆ زێدی خۆیان و به چه‌ند هاندانێك، له نێویاندا ته‌رخانكردنی بڕی ملیۆنێك و 500 هه‌زار دینار بۆ ئه‌و خێزانانه‌ی ده‌گه‌ڕێنه‌وه.
بەڵام هەرچی ئەو رێكخراوەیە كارەساتێكی مرۆیی گەورە لەو گەڕاندنەوەی ئاواەرەكان ئاشكرا دەكات و پێی وایە كە گەڕاندنەوەی لە ئێستا كێشەی ئەكمنی و عەشائیری لە ناوچەكانیان دروست دەبێت.
هەر بەپێی بەیاننامەكەی پزیشكانی بێ سنور”به‌شێك له ئاواره‌كان ره‌نگه روبه‌ڕوی توندوتیژی و دەستبەسەرکردن ببنەوە لە ناوچەکانیاندا، ئەگەر گومانی هەبونی پەیوەندیان لێبكرێت به گروپی چەکدارەوە”.
ئافرەتێكی ناو ئەو كامپەش بە رێكخروی ناوبراوی راگەیاندووە كە “”هەندێک لە دراوسێکانم گەڕانەوە، بە قسە سوکایەتییان پێکرا و ناچاربون خۆیان بەدوربگرن لە خەلکی گوندەکە دەترسان ئازاریان بدرێت لەلایەن خەڵکی ناوچەکە”.
رێكخراوی ناوبراو ئاماژە بەوەەكات كە “له كه‌ركوك، كه‌مپه‌كانی له‌یلان یه‌ك، له‌یلان دوو، له‌یلان سێ، نه‌زراوه، یه‌حیاوه و داقوق له 2014وه تا 2017، هه‌زاران خێزانی تێدا نیشته‌جێبوون، تا ئه‌مساڵ ته‌نیا كه‌مپه‌كانی له‌یلان یه‌ك و یه‌حیاوه مانه‌وه، كه یه‌حیاوه له سه‌ره‌تای تشرینی دووه‌مدا داخرا و ئێستاش ئاواره‌كانی له‌یلان یه‌كیش بۆ زێدی خۆیان ده‌گوازرێنه‌وه”.
هەروەك لە بەیاننامەكەی ئەو رێكخراوەشدا هاتووە كە ئافره‌تێكی دیكەی ئەو كه‌مپه‌كه به پزیشكانی بێ سنوری وت “ماڵەکەمان ڕوخاوە، منداڵی بچوکمان هەیە و نازانین چی بکەین ئەگەر گەڕێندراینەوە، کەش وهەوا ڕۆژ بەڕۆژ بەرەو ساردی دەڕوات، موچەمان نیە تاوەکو خانوی پێ بەکرێ بگرین و بەسەلامەتی لەناوی بحەوێینەوە..”.
گوڵ پاشا، سەرۆکی شاندی پزیشکانی بێ سنور لە عیراق دەڵێت “پزیشکانی بێ سنور 300 نەخۆش چارەسەر دەکات لە که‌مپی لەیلان کە نەخۆشی نەگوازراوه‌یان هەیە؛ پێویستیان بە چارەسەری نەپچڕاو و درێژخانەن هەیە، لەگەڵ ئەم داخرانە خێرایەش، پزیشکانی بێ سنور کاتی ئەوەی نابێت بەشە دەرمانی سێ مانگ بۆ ئەو نەخۆشانە دابینبکات لەگەڵ پەڕاوی پزیشکی بۆ ئەوەی خۆیان تۆماربکەن بۆ وەرگرتنی چارەسەر لەو ناوچانەی دەگەڕێنەوە بۆی”.
پەتای كۆرۆنا نیگەرانیێکی تری تیمەکانی پزیشکانی بێ سنورە، پاشا دەڵێت “نیگەرانین لە ئەگەری ئەوه‌ی دانیشتوانی که‌مپەکە لە ناوەڕاستی پەتای کۆڤید-19 که‌مپەکە به‌جێبهێڵن، ئێستا هەشت نەخۆشی کۆڤید-19 لە ناوچەی جیاکاری که‌مپەکە هەن. رون نییە چۆن نەخۆشەکان دەگوازرێنەوە و بەچ خێراییەک توانستی گەیشتنیان بە چاودێری پزیشکی دەبێت”، بۆیە پزیشکانی بێ سنوور داوا لە حكومه‌تی عیراق دەکات چاوبخشێنێته‌وە بە بڕیاری داخستنی دەستبەجێی که‌مپی لەیلان.
رێكخراوی پزیشكانی بێ‌سنوور له ساڵی 1991ـه‌وه له عێراقدا كارده‌كات، له بواره‌كانی پێشكه‌شكردنی هاریكاری پزیشكی كوالێتی بەرز و بێبه‌رامبه‌ر بۆ هاوڵاتیان بێ گوێدانه نه‌ژاد، ئایین، ره‌گه‌ز ولایه‌نگری سیاسی..
وه‌زاره‌تی كۆچ و كۆچبه‌رانی عیراق، له دوایین به‌یاننامه‌یدا بڵاویكرده‌وه له چوارچێوه‌ی پلانی نه‌هێشتنی كه‌مپه‌كانی ئاواره‌یی تا كۆتایی 2020، له مانگێكدا 15 كه‌مپ داخراون و رۆژانه 100 خێزانی ئاواره بۆ زێدی خۆیان ده‌گه‌ڕێنه‌وه.
ئیڤان فایه‌ق جابرۆ، وه‌زیری كۆچ و كۆچبه‌رانی عیراق له به‌یاننامه‌كه‌دا ده‌ڵێت به‌رده‌وامن له داخستنی كه‌مپه‌كانی ئاواره‌یی تا كۆتایی ئه‌مساڵ و “كاتی ئه‌وه هاتووه دوای شه‌ش ساڵ كۆتایی به دۆسیه‌ی ئاواره‌كان بهێنین”.
هەر بەپێی ئەو بەیاننامەیە “له سه‌رده‌می شه‌ڕی داعش (2014-2017) نزیكه‌ی شه‌ش ملیۆن هاوڵاتی ئاواره بون و هێشتا زیاتر له ملیۆنێك كه‌س بۆ زێدی خۆیان نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه” دەشڵێ “سه‌رباری تێپه‌ڕینی چه‌ند ساڵێك به‌سه‌ر كۆتاییهاتنی شه‌ڕی داعش، به‌ڵام كه‌می خزمه‌تگوزارییه سه‌ره‌تاییه‌كانی وه‌ك كاره‌با و ئاو و وێرانكارییه‌ی شه‌ڕ له ناوچه كۆنتڕۆڵكراوه‌كاندا به به‌ربه‌ستی به‌رده‌م نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان داده‌نرێن”.
بەهۆی بڕیاری داخستنی كەمپەكان لە عێراق، ئەگەری روودانی كارەساتی مرۆیی لەناوچەیەكی كەركووك هەیە
0
Share.