ئه‌نجوومه‌نى باڵاى كاروبارى خانمان: دابه‌زینى ئاستى داهاتى خێزان ژنانى تووشى توندوتیژى زیاتر كردووه‌

0

نوچه‌نێت

ئه‌نجوومه‌نى باڵاى كاروبارى خانمان له‌ كوردستان به‌ بۆنه‌ى هه‌ڵمه‌تى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى توندوتیژى دژ به‌ ژنان راگه‌یه‌نراوێكى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ وباسى له‌ كاریگه‌رییه‌ نه‌رێنییه‌كانى قه‌یران و په‌تاى كۆرۆنا كردووه‌ و گوتوویه‌تى دابه‌زینى ئاستى داهاتى خێزان ژنانى تووشى توندوتیژى زیاتر كردووه‌.

ده‌قى راگه‌یه‌نراوى ئەنجوومەنی باڵای کاروباری خانمان، حکومەتی هەرێمی کوردستان

ئێمە لەکاتێکدا هەڵمەتی 16 رۆژەی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ئافرەتان رادەگەیێنین کە پەتای کۆڤید-19 و وەڵامدانەوەی جیهانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی بە ساتەوەختێکی مێژووییدا تێدەپەڕێت. لەگەڵ بڵاوبوونەوەی پەتاکەدا، ژنان و کچان بەشێوەیەکی جیاوازتر و زیاتر لە پیاوان و کوڕان کەوتوونەتە ژێر کاریگەرییە نەرێنییەکان و هەروەها رێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی. نموونەی ئەو کاریگەرییانە بریتین لە: بە ناچاری مانەوەی ژنان و کچان لە ماڵەوە سەرقاڵکردنیان بە کاری ناوماڵ کاریگەری لە سەر سیستەمی پەروەردە کردووە و داهاتووی خوێندیانی لێڵ کردووە. هەروەها لەگەڵ دابەزینی ئاستی داهاتی خێزان یان نەمانی سەرچاوەی داهات ئافرەتان زیاتر لاوازبوون و رووبەڕووی تووندوتیژی خێزانی بوونەتەوە. زۆری کارمەندانی ئافرەت لە کەرتی تەندروستی و خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکاندا ئەوانی خستووەتە بەردەم مەترسی تووشبوون بە ڤایرۆسەکە. هەروەها
دەستپێڕاگەیشتنی ژنانی بە خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان کەمکردووەتەوە.

لە کوردستانیش وەک هەموو وڵاتانی جیهان شێوازە جەستەیی، دەروونی و ئابوورییەکانی تووندوتیژی لەسەربنەمای جێندەر لەکاتی هەبوونی قەیرانەنەکاندا دەردەکەون، ئەوەش بەهۆی گۆڕانی پێکهاتە و نۆرمە کۆمەڵایەتییەکان کە لەگەڵ هەبوونی نایەکسانی جێندەری سیستەمیکدا تێکهەڵکێش کراون و هۆکارە ریشەییەکانی تووندوتیژی لەسەربنەمای جێندەر پێکدێنن. هەبوونی نایەکسانییەکان بۆ ژنان و کچان لەسەردەمی پەتای کۆرۆنادا زیاتر پەرەی سەندووە. پرسی ئافرەت لە چوارچێوەی هێڵە گشتییەکانی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا وەک یەکێک لە پرسە گرنگەکان ئاماژەی پێدراوە. لە کارنامەکەدا هاتووە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەدژی هەر جیاکارییەکی رەگەزی و پەراوێزخستنی رۆڵی ئافرەت دەوەستینەوە و کار بۆ ئەوە دەکات کە ئافرەتان بە توانا و لێهاتوویی خۆیانەوە رۆڵ و پێگەی شایستەی خۆیان لە کۆمەڵگەدا وەرگرن و هەروەها بەشدارییەکی کارا لەناو کایەی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی هەرێمدا بکەن.

بۆیە، ئەگەر بە وردی سەیری پرسی ژن لە کارنامەی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا بکەن، ئەوەتان بۆ دەردەکەوێت کە حکومەت هەوڵدەدات کە کەشێکی لەبارتر و گونجاوتر و پێشکەوتووتر؛ یەکەم، بۆ بەشداریکردنێکی کارای ئافرەتان لەناو کایە جۆربەجۆرەکانی کۆمەڵگەی کوردستان بڕەخسێنین، ئەوەش بەبێ جیاوازی. دووەم، لەدژی هەر کردارێکی تووندوتیژانە و پەراوێزخستنیان دەوەستینەوە و وەک ئەرکێکی حکومەت دەیانپارێزێت. سێیەم، لە رێگەی دامودەزگە پەیوەندیدارەکانی حکومەتەوە و بە میکانیزم و رێوشوێنە یاساییە بەردەستەکان رێگری لە سەرهەڵدان و دووبارەبوونەوەی تووندوتیژی و پەراوێزخستنەکان دەکرێت.

هەرلە ساتەوەختی سەرهەڵدانی پەتاکەوە تاوەکو ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەم هەنگاوانەی خوارەوەی بۆ رێگرتن لە تووندوتیژی هەڵگرتووە:

  1. لەوە دڵنیابووەتەوە کە رێوشوێن و رێکارەکانی پاراستن کاریگەری نەرێنی لەسەر ئەو رێکخراوە ناوخۆیی، هەرێمی و جیهانییانەی بواری ژنان کە لە کوردستان کار دەکەن نەکات.
  2. لەبەر کەمی بودجەی بەردەست و بڕێنی لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵیداوە کە ئامۆژگاری وڵاتانی کۆمەکبەخش و رێکخراوەکانی سەربە نەتەوەیەکگرتووەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بکات کە هاریکاری دامودەزگە حکومییەکانی پەیوەست بە پرسی ژن و هەروەها رێکخراوەکانی بواری ئافرەتان بن بۆ ئەوەی سیستەمی وەڵامدانەوەی حکومەت بەهێزتر ببێت، لەپێناو خزمەتکردنی زیاتری ئافرەتان.
  3. بەشێوەیەکی بەردەوام هەڵسەنگاندنی بۆ رێوشوێنەکانی پاراستن و هەموارکردنیان کردووە و هەروەها لەوە دڵنیابووەتەوە کە ئافرەتان بەگشتی و قوربانی تووندوتیژییەکان دەستیان بە رێوشوێن و خزمەتگوزارییەکان دەگات.
  4. لە رێگەی کەناڵە فەرمی و پارێزراوەکانەوە لەوە دڵنیابووەتەوە کە پرۆگرام و پرۆژەکانی وەڵامدانەوە رەنگدانەوەی خواستی ئافرەتانە بەگشتی و هەروەها ئەو ژنانەیە کە تووندوتیژییان لەگەڵ کراوە.

لەکۆتاییدا ئێمە بە دەنگێکی بەرز و هاوڕا لەگەڵ کۆمەڵگەی جیهانی رایدەگەیێنین کە کارکردن لەپێناو کۆتاییهێنان بە تووندوتیژی پێویستی بە بەخشین، وەڵامدانەوە، پاراستن و کۆکردنەوە هەیە. هەربەم بۆنەیەوە سوپاسی هەموو کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەرەنگاربووەنەوەی تووندوتیژی دژی ئافرەت و خێزان دەکەین لە سەرانسەری کوردستان و هەروەها سوپاسی رێکخراوەکانی ژنانیش دەکەین بۆ هاوکاری بەردەوامیان لەگەڵ دامودەزگاکانی حکومەت لەپێناو باشترکردنی رەوشی ئافرەتان لە کۆمەڵگاکەماندا.

کوردستانێکی بەهێز، نەوەیەکی دوور لە تووندوتیژی

ئەنجوومەنی باڵای کاروباری خانمان، حکومەتی هەرێمی کوردستان ٢٥/١١/٢٠٢٠

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com