نوچه‌نێت
گوته‌بێژى فه‌رمانده‌یى ئۆپراسیۆنه هاوبه‌شه‌كانى عێراق ئاشكراى كرد، مسته‌فا كازمى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق، شاندێكى باڵاى سه‌ربازى ره‌وانه‌ى شنگال كردووه بۆ جێبه‌جێكردنى ئه‌و رێككه‌وتنه‌ى كه له‌نێوان هه‌ولێر و به‌غدا بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ى دۆخى شنگال كراوه.
ته‌حسین خه‌فاجى گوته‌بێژى ئۆپراسیۆنه هاوبه‌شه‌كانى عێراق ئه‌مڕۆ چوارشه‌م 25ى تشرینى دووه‌م له لێدوانێكى بۆ ماڵپه‌ڕى “به‌غداد توده‌ى” رایگه‌یاندووه، به فه‌رمانى كازمى شاندێكى باڵاى سه‌ربازى چووه‌ته شنگال. ئامانجى شانده‌كه جێبه‌جێكردنى رێككه‌وتنه‌كه‌ى نێوان هه‌ولێر و به‌غدایه.
خه‌فاجى روونى كردووه‌ته‌وه شانده‌كه له‌لایه‌ن جێگرى فه‌رمانده‌ى ئۆپراسیۆنه هاوبه‌شه‌كان سه‌رۆكایه‌تى كردووه و له‌چه‌ند به‌رپرسى باڵاى ده‌زگا ئه‌منییه‌كان پێكهاتووه و له شنگال له‌گه‌ڵ فه‌رمانده‌یى ئۆپراسیۆنه هاوبه‌شه‌كانى رۆژئاواى نه‌ینه‌وا كۆبوونه‌ته‌وه.
گوته‌بێژى ئۆپراسیۆنه هاوبه‌شه‌كان دووپاتى له‌سه‌ر ئه‌وه كردووه‌ته‌وه، ده‌ستكراوه به جێبه‌جێكردنى رێككه‌وتنه‌كه و هێنده‌ى هێز له ناوچه‌كه هه‌یه كه بتوانن ئاسایشى ناوچه‌كه بپارێزن.
ده‌شڵێ، “رێگه به هیچ حزب و هێزێك نادرێت له شاره‌كه بمێنێته‌وه ته‌نیا ئه‌وانه نه‌بێت كه به فه‌رمى له عێراق تۆمار كراون”.
سه‌ره‌تاى مانگى رابردوو حكوومه‌تى هه‌رێم و حكوومه‌تى عێراق رێككه‌وتنێكیان ئه‌نجام دا به ناوى “رێككه‌وتنى ئاساییكردنه‌وه‌ى شنگال” به‌گوێره‌ى ئه‌و رێككه‌وتنه ده‌بێت ئێزدییه‌كان بگه‌ڕێنه‌وه سه‌ر زێدى خۆیان و هێزه بیانییه‌كانیش له شاره‌كه ده‌ربكرێن”.