(نوچەنێت) فەرهاد حەسەن
بەپێی زانیارییەكانی (نوچەنێت) دەیان منداڵی فڕێدراو و پەرتەوازەو بێ دایك و باوك لە خانەیەكی بەخێوكردن و پەرەوەردەكردنن لە شاری سلێمانی، ئەو خانەیەش بە (ماڵی ساوایان) ناسراوەو سەر بە وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتییە.
گوڵستان سەعید محەمەد ، پەرلەمانتارو جێگری سهرۆكی لیژنهی کاروباری کۆمەڵایەتی و داكۆكی لە مافی مرۆڤ، دوای ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوودا سەردانێكی مەیدانی بۆ خانە كۆمەڵایەتیەكانی سنووری شاری سلێمانی ئەنجام دەدەن، ئەو زانیاریانەی بۆ (نوچەنێت) ئاشكرا كرد.
ناوبراو ئاماژە بەوە دەكات، كە “ماڵی ساوایان یەكێكە لەو خانە كۆمەڵایەتییانەی كە منداڵانی پەرتەزوازە و فڕێدراو و بێ دایكوباوك كە تەمەنیان لە (یەك رۆژ تا 4 ساڵ)ە لە خۆ دەگرێ و ئەو خانەیە بەتەنها لە شاری سلێمانی هەیە”.
لەبارەی پێناسەو جۆری ئەو منداڵانەی لەو ماڵەن، گوڵستان سەعید وتی “ئەو منداڵانە بریتین لەوانەی كە هەندێكیان دایك و باوكیان دیار نیە، هەندێكیان ئەوانەن كە دایكوباوكیان لێك جیابونەتەوە و هیچ لایەكیان ئامادەنین بیگرنە خۆیان، هەندێكی تر لەو منداڵانەن كە بەداخەوە خەڵك لەسەر شەقامەكان فرێیان دەدەن و پۆلیسیش دەیانباتە ئەو شوێنانە، منداڵی پەرتەوازەشی لێیە”
هەروەك ناوبراو باسیدەكات لەئێستادا ماڵی ساوایان لە سلێمانی 25 منداڵی لێیە، دەشڵێ “پێشتر 18 منداڵی تر دراوەنەتە خێزانی جێگرەوە”، بۆیە بە پێویستی دەزانیت كە گرنگی بە پرۆژەی (خێزانی جێگرەوە) بدرێت چونكە دەڵێ “ئەو پرۆژەیە دەبێتە هاوكار و كارئاسانی بۆ حكومەت”. پرۆژەی (خێزانی جێگرەوە) یەكێكە لەو پرۆژە یاسایانەی كە ماوەیەكە لیژنەی کۆمەڵایەتی و داكۆكی لە مافی مرۆڤ لە پەرلەمان كاری لەسەر دەكات بەمەبەستی دەوڵەمەند كردن و پەسەندكردنی وەك پڕۆژە یاسایەكی كارپێكراو و گشتگیر.
ئەو پەرلەمانتارە ئەوەش دەخاتەڕوو كە ” لە هەولێر ئەو ماڵی ساوایانە نیە، تەنانەت منداڵانی هەولێر ئەبرێنە ئەو ماڵەی سلێمانی، كێشەی ئەوەشیان هەیە كە منداڵەكە چوار ساڵ تەواو دەكات هەولێر ئامادە نیە وەریبگرێتەوە ، كە ئەمەش جارێكی تر هەر بەئەبێتەوە ئەرك بەسەر ئەو ماڵەی سلێمانیدا، بۆیە داواكارین ماڵێك لە هەولێر بۆ ئەو ساوا و منداڵانە دروست بكرێت”.
ماڵی ساوایانی منداڵان، دامەزراوەیەكی حكومییە و سەر بە (بەڕێوەبەرایەتی چاودێری كۆمەڵایەتی سلێمانی)ە و منداڵانی یەك ڕۆژە بۆ چوار ساڵ لە خۆ دەگرێت و لە كوردستاندا تەنها ماڵە، كە دەتوانێت ئەو تەمەنەی منداڵان لە خۆبگرێت و خزمەتگوزاری خۆی پێشكەش بەو منداڵانە بكات، كە لەو تەمەنەدا خێزانەكانیان لەدەست دەدەن.