پرسی كڕینی رەگەزنامەی (دۆمینیكا) گەیشتە پەرلەمانی كوردستان

0

(نوچەنێت) فەرهاد حەسەن
پەرلەمانتارێكی كوردستان دەڵێ “بەهۆی ئەوەی پرسی كڕینی رەگەزنامەی وڵاتی دۆمینیكا لەهەرێمی كوردستان بۆتە دیاردەو لە بەرفراوانیدایە، لە ئێستادا سەرقاڵی كۆكردنەوەی داتاو زانیاری تەواوین لەسەر ئەم دیاردەیە.
ئەبوبەكر هەڵەدنی بریاردەری لیژنەی پەیوەندییەکان و ڕەوەندی کوردستانی بە (نوچەنێت)ی راگەیاند “لیژنەكەمان به‌دواداچوون بۆ پرسی كڕینی ڕەگەزنامەی وڵاتی دۆمینیکا ده‌كات و بۆ ئەم مەبەستەش لە كۆبوونەوەی دوێنێی لیژنەكەماندا چەند بڕیارێكمان داوە”.
ناوبراو باس لەوە دەكات كە “بەپێی كارەكانی ئۆفیس و نوسینگەكانی بواری ڤیزا و هەندێ كۆمپانیا كە تایبەتمەندی ئەو كارەن، كڕینی رەگەزنامەی وڵاتی دۆمینیكا بۆتە دیاردەیەكی بەرچاو بۆ مەبەستەش پارەیەكی زۆر دەچێتە دەرەوەی هەرێمی كوردستان”.
سەبارەت بەو بڕیارانەش كە لیژنەكەیان بۆ ئەم پرسە دەریكردووە ، هەڵەدنی دەڵێت “بڕیارمان دا سەردانی چەند وەزارەت و دەزگایەكی پەیوەندار بكەین، بۆ ئەوەی زانیاری وورد لەسەر ئەم بابەتە كۆبكرێتەوە، جارێ ئەو دوو بڕیارەمان داوە و بزانین ئەو دیاردەیە چۆنە و تاچەند لەبەرژوەندی خەڵكی كوردستاندایە”.
ناوبراو ئەوە رەتدەكاتەوە كە تا ئێستا لیژنەكەیان رێژەیەكی تەواویان لەبەردەست بێ بۆ كڕینی ئەو رەگەزنامەیە لەلایەن خەڵك هەروەها بۆ ئەو پارەیەش كە لەم رێگەیەوە دەچێتە دەرەوەی هەرێمی كوردستان، بەڵام دەڵێ “خەریكی ئەوەین كە ئەو رێژەیەمان دەستبكەوێ، بۆیە سەردانی لایەنە پەیوەندارەكان دەكەین بۆ ئەوەی ئەو زانیاریانەمان بدەنێ ، دواتر گفتوگۆی زیاتری لەسەر بكەین، بەڵام لە ئێستادا ئەمە بۆتە دیاردە و ئەگەر بەسەر شەقامەكاندا بگەڕێ و نوسینگەكانی بوازی فیزا ببینی بەشێوەیەكی زۆر ئاشكرا و بەربڵاو باس لەو دیاردەیە دەكرێ”.
لەبارەی هۆكاری كڕینی ئەو رەگەزنامەیە لەلایەن خەڵكی هەرێمی كوردستانەوە، بڕیاردەری لیژنەی پەیوەندییەکان و ڕەوەندی کوردستانی، ووتی “بەشێكی هۆكارەكەی ئەوەیە كە هەندێ سەرمایەدارو خەڵكی دەوڵەمەند دەیكڕن، بەشێكیش هاوڵاتی دەیكڕن، دیارە ئەمەش پەیوەندی بەسەفەر و گەشت و ئەو شتانەوە هەیە ، دیارە پەیوەندی بە دۆخی ئێرەشەوە هەیە كە دۆخێكی سیاسیی ناجێگیرە و ساڵ بە ساڵیش قەیرانەكانیش كەڵەكە دەبن، بۆیە بەشێكی هاوڵاتیانیش لە نائومێدییەوە پەنا بۆ ئەو كارە ببەن”.
لەكۆتاییشدا ناوبراو ئاماژەی بەوەكرد كە ئەگەر لەحاڵێكدا بۆمان دەركەوت كە لەرێگەی كڕینی ئەو رەگەزنامانەوە پارەیەكی زۆر لە هەرێمی كوردستان دەچێتە دەرەوە یان كاریگەری خراپ دروست دەكات، ئەوكات دەبێ هەم پەرلەمان هەم حكوومەت و لایەنە پەیوەندارەكانیش لەسەر ئەم بابەتە بەیەكەوە گفتوگۆ بكەن.
دۆمینیكا دوورگەیەكە لەناو دەریای كاریبی و ژمارەی دانیشتوانەكەی 72 هەزارو 500 كەسەو پێوانەی خاكەكەشی 754 كم دووجایە و پایتەختەكەشی ناوی (روسو)یە .

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com