ئێزیدییەکان لەگەڵ ئەمریکاو بەریتانیا و بارزانی کۆدەبنەوە. داعش دەستدرێژی دەکاتە سەر ژنانی ئێزیدی
نوچەنێت
گوتەبێژی سەرۆكی جڤاتی رۆحانیی ئێزدییان و مەرجەعی باڵای ئێزدییەكانی جیهان رایگەیاند، ناوچەی ئێزیدییەکان لەمەترسی دایە، داعش پیاوانی ئێزیدی دەکوژن، دەستدرێژیان کردۆتەوە سەر ژنان و کچانی ئێزیدی، راشیگەیاند لەگەڵ کۆنسوڵی ئەمریکاو بەریتانیا کۆبونەتەوەو بڕیارە ئەمشەو لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش کۆببنەوە.
هادی بابەشێخ گوتەبێژی سەرۆكی جڤاتی رۆحانیی ئێزدییان و مەرجەعی باڵای ئێزدییەكانی جیهان، بەڕووداوی راگەیاند، رەوشی ئێزدییەكانی شنگال لە ئاستێكی خراپدایە و داوایكرد بەزوویی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و حكومەتی هەرێمی كوردستان بە هانایانەوە بچن چونکە “تادێت رەوشمان خراپتر دەبێت”.
گوتەبێژی ئێزیدییەکان ئەوەشی خستۆتەڕوو کە”لە شنگال چەكدارانی داعش دەستیانكردووە بە كوشتنی پیاوانی ئێزدی و ژنەكانیان دەبەن”. دەشڵێت “دەستدرێژیی كراوەتە سەر چەندین ژنی ئێزدی”.
هەر بەپێی سەرچاوەکانی هەواڵ ئەمڕۆ بابەشێخ خرتۆ سەرۆكی جڤاتی رۆحانیی ئێزدییان و مەرجەعی باڵای ئێزدییەكانی جیهان، لەگەڵ كۆنسوڵی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و كۆنسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەولێر كۆبووەتەوە و داوای لێكردوون بەهانای ئێزدییەكانی دەڤەری شنگال و دەوروبەرییەوە بچن. بەپێی لێدوانی گوتەبێژی ئێزیدییەکانیش “بەریتانیا بەڵێنی داوە هاوكاریمان بكات”. بڕیاریشە ئەمشەو مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و بابەشێخ كۆببنەوە.