(نوچەنێت) فەرهاد حەسەن
بڕیارە پەرلەمانی كوردستان لە وەرزی بەهارەی خۆیدا كار لەسەر سێ پرۆژەیاسای گرنگ لە بواری كۆمەڵایەتیدا بكات و لەئێستاشدا لیژنەی كاروباری كۆمەڵایەتی پەرلەمان سەرقاڵی كاركردنن بۆ دەوڵەمەند كردنی ئەو پڕۆژانە.
گوڵستان سەعید جێگری سەرۆكی لیژنەی كاروباری كۆمەڵایەتی لەپەرلەمانی كوردستان بە (نوچەنێت) ی راگەیاند “لە ئێستادا لیژنەكەمان كار لەسەر هەمواركردنەوەو دەرچوواندنی چەند یاسایەكی گرنگ دەكات كە بۆ ئەمڕۆی باری كۆمەلایەتی كۆمەلگەكەمان پێویستن، ئەوانیش بریتین لە پڕۆژە یاساكانی (یاسای كار و یاسای كەمئەندامان و یاسای خێزانی جێگرەوە)”.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشدا كە “ئەو پڕۆژە یاسایانە لەلای حكومەتی هەرێمی كوردستانن وبەلای لیژنەكەمان پڕۆژە یاسای گرنگن و لەلایەن وەزارەتی كارو كاورباری كۆمەڵایەتییەوە ئامادەكراون، دەمانەوێ زیاتر دەوڵەمەند بكرێت و بخرێنە ناو كاری پەرلەمانەوە”.
جێگری سەرۆكی لیژنەی كاروباری كۆمەڵایەتی پەرلەمان ئەوەشی ووت كە “لیژنەكەمان فشار دەكات بۆ ئەوەی ئەو یاسایانە لەلایەن حكومەتەوە بگەڕێندرێنەوە بۆ زیاتر دەوڵەمەندكردن كاریان لەسەر دەكەین، بۆ ئەوەی بتوانرێ لەمانگی 3 ی ساڵی داهاتوودا لە پەرلەمان كاریان لەسەر بكرێ”.
ئاماژەی بەوەشدا كە چەند پرۆژەیەك لەوانە ناردراون بۆ ئەنجوومەنی شوورای هەرێم بۆ ئەوەی لەرووی قانوونییەوە كێشەو گرفتیان نەمێنێ. وتیشی “لە كۆبوونەوەی لیژنەكەماندا بڕیار دراوە كە بۆ بەدواداچوونی ئەو پرۆژانە سەردانی هەریەك لە ئەنجوومەنی شووراو داواكاری گشتی بكەین”.