گوڵستان سەعید محەمەد كێشەو گرفتی ناو چاكسازی و خانە كۆمەڵاییەتییەكان ئاشكرا دەكات

0

(نوچەنێت) فەرهاد حەسەن

ماوەی هەفتەیەكە لیژنەی كاروباری كۆمەڵاَیەتی و داكۆكیكردن لەمافی مرۆڤ لە پەرلەمانی كوردستان سەردانی چەندین ناوەندو خانەی كۆمەڵایەتی و چاكسازییەكانی هەرێمی كوردستانیان كردووەو، جێگری سەرۆكی ئەو لیژنەیەی پەرلەمانیش نایشارێتەوە كە خانە كۆمەڵایەتی و چاكسازییەكان پڕ كێشەو گرفتی جیاجیان.

گوڵستان سەعید محەمەد جێگری سه‌رۆكی لیژنەی كاروباری كۆمەڵاَیەتی و داكۆكیكردن لەمافی مرۆڤ بە (نوچەنێت)ی راگەیاند “هەفتەی رابردوو سەردانی بەشێك لە چاكسازییەكانی هەرێم و خانە كۆمەڵایەتیەكانمان كردووە، كۆی ئەو گرفتانەی لەناو چاكسازییەكان و بەڕێوەبەرایەتییەكانی پاراستنی كۆمەڵایەتی دا هەن بابەتی جیاجیان” .

ناوبراو لەبارەی كێشەكانی ئەو ناوەندانە ئەوە ئاشكرا دەكات كە “لە بەڕێوەبەرایەتی چاكسازی سلێمانی 13 حاڵەتی تووشبوو بە ڤایرۆسی كۆڕۆنا هەیە و لە چاكسازییەكانی ژنان و منداڵان و گەورانی سلێمانیش گرفتێكی زۆر گەورە هەیە ئەویش نەبوونی و نەداری خێزان و كەسوكاری سزادراوەكانە، كە بەهۆی خێزانەكانیان بەهۆی سزادانی ئەو كەسانەیانەوە و نەبوونی و نەداری خۆیان  دووچاری لێكهەڵوەشانەوەی خێزانی بوونەتەوە و هەندێك لەو خێزانی سزادراوانە منداڵەكانیان پەرتەوازەی سەر شەقامەكان بوونە یاخود لە خانە كۆمەڵایەتیەكانن”.

كێشەیەكی تری ئەو چاكسازییانەش هەروەك جێگری سەرۆكی ئەو لیژنەیەی پەرلەمان باسیدەكات بریتییە لەوەی هەندێ سزادراو هەن حوكمیان لە سێدارەدانە، بەشێك لەوانە زۆر بەتەمەنن و ساڵانێكی زۆریش سازاكانیان بینیوە، كە تیایاندا هەیە 15 ساڵ و 18 ساڵی تێپەڕاندووەو چاوەڕێی مەرگ دەكات، ئەو كەسانەش داوای چارەسەر دەكەن، جا دەشڵێ “پێویستە وەڵامیان بدرێتنەوە، یان ئەوەتا سزاكەیان بۆ جێبەجێ بكەن یان ئەوانەی كە باری تەندرووستی و دەروونیان خراپە ئەوانیش چارەسەر بكەن یان ئازادیان بكەن ، یان سزاكانیان بۆ بگۆڕن”.

گوڵستان سەعید هەروەها دەڵێ “نەبوونی سەردان (مواجەهە) بۆ سزادراوان كێشەیەكی دیكەی ئەو ناوەندانەی چاكسازییە، كە ماوەی نزیكەی 9 مانگە بەهۆی كەرەنتینەوە قەدەغە كراوە، دیارە ئەمەشیان بارێكی خراپی دەروونی بۆ سزادراوان دروست كردووە، چونكە ماوەیەكی زۆرە كەسوكاریان نەبینیوە، پێمان وایە كە بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشەیە باشترین كار ئەوەیە كە مۆڵەتێكی ماوەدرێژ بدرێتە ئەو سزادراوانە، حكومەت بیر لەوەبكاتەوە كە بۆ ماوەی 3 مانگ بچنەوە لای كەسوكارەكانیان ئەویش بەپێی ئەو مەرج و رێنمایانەی كە پێویستە بۆیان دابنرێت، دواییش بگەڕێندرێنەوە ناو چاكسازییەكان ، كە ئەمەشیان دەبێتە یارمەتیدەر بۆ رەوشی ناو چاككسازییەكان ، چونكە ئەو بیانایانەی چاكسازییەكان بۆ ژمارەیەكی دیاریكراو دروستكراون كە لە ئێستادا زیاتر لەو سزادراوانەی لێیە ، بۆیە پێویستە حكوومەت هەندێ رێگەچارە بۆ چارەسەركردنی ئەو گرفتانە بگرێتە بەر  بۆئەوەی ئەو فشارە زۆرەی لەسەر بەڕێوەبەرایەتی چاكسازییەكانیش هەیە كەمتر بكرێنەوە”.

سەبارەت بە خانە كۆمەڵایەتییەكانیش ناوبراو ئاماژە بەوەدەكات كە خانەی بەساڵاچووان و پەككەوتونیان بەسەركردۆتەوە بەڵام دەڵێ “تێبینیمان كرد كە كارمەندیان كەمەو هاندان بۆ ئەو كارمەندانەش نیە كە لەوێ‌ كار دەكەن، لەبەرئەوەی لەئەركێكی زۆر قورسیشدان، 6 كەسیان بەگرێبەست داناوەو لە سەندوقی خێرخوازیش مووچەیان بۆ دابین دەكەن، واتا حكوومەت مووچەیان پێنادات ، لەكاتێكدا ئەو خانانە پێویستسیان بە 30 كەس هەیە”.

سەردانی ماڵی ساوانیشمان لە سلێمانی كرد ، جێگەی دڵخۆشی بوو لەگەڵ ئەوەی كە كارمەمندیشیان كەمە بەڵام خێرخوازێك بیناكەی بۆ دابین كردوون و كەلوپەل و پێداویستییان هەیە و ئەوانەی لەو ماڵەش كاردەكەن زۆر بە دڵسۆزییەوە كارەكانیان ئەنجام دەدەن و جێگەی دەستخۆشین.

جێگری سەرۆكی لیژنەكە گلەیی لە حكوومەت دەكات و دەڵێت “مانگانە تەنها شەش ملیۆن دینار وەك نەسریە دەداتە زیاتر لە 10 خانە و شوێنی كۆمەڵایەتی لە سلێمانی ئەوەش كێشەیەیكی زۆر گەورەیە بۆ ئەو خانانەو ئەو بڕە پارەیە باییی هیچیان ناكات ، بۆیە هەقە حكوومەت گرنگی زیاتر لەو شوێنە كۆمەڵایەتییانە بدات و بیكاتە ئەولەویەتی كارەكانی “.

پێویستە بگووترێ لەسەر كۆی ئەو سەردانانەی لیژنەكەی پەرەلمان، لە ئێستادا سەرقاڵی ئامادەكردنی راپۆرتێكی تێروتەسەلن كە پێشكەشی سەرۆكایەتی پەرلەمانی بكەن و لەوێشەوە ئاڕاستەی حكوومەت بكرێت

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com