(نوچەنێت)
کونسوڵی گشتی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لە هەولێر نیگەرانی خۆی لەبەرانبەر كوشتنی ئەو ژنەە دەربڕی كە رۆژی 20 ی ئەم مانگە لەلایەن سێ لە براكانییەوە هەڵدەواسرێ و دەخنكێنرێ و ئەو رووداوە بەلای كونسوڵی گشتی ئەمەریكاوە بە (كوشتنێكی تۆقێنەر) ناودەبرێت.
ڕۆب واڵەر، کونسوڵی گشتی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لە هەولێر لە نیگەرانینامەیەكدا كە لە ئەكاونتی تایبەتی كونسڵخانەی ناوبراو لە فەیسببوك بڵاویكردۆتەوە دەڵێ “من زۆر دڵتەنگ بووم بە خوێندنەوەی ھەواڵی کوشتنی تۆقێنەری ژنێک كە لە كەلار روویداوە. ئێمە دەبێت بڵێین نەخێر بۆ توندوتیژی لەسەر بنەمای جێندەری”.
كونسڵی گشتی ئەمەریكا دەشڵێ “ئەم جۆرە کوشتنانە ھیچ شتێک لە خۆناگرێت جگە لە شەرمەزاری. نابێت کاری لەم جۆرە قبوڵکراو بێت لە ھەرێمی_کوردستان کە شانازی دەکات بە ناوبانگییەکەی بۆ ھەمەڕەنگی و لێبوردەیی.”
رۆژی 20 ی ئەم مانگە لە رووداوێکدا لە گەڕەکی شارەوانیی دووی قەزای کەلار “سێ برا خوشکەکەی خۆیان هەڵدەواسن و دەیخنکێنن”. دەشڵێت: چوار کەس لە سەر رووداوەکە دەستگیرکراون.