جوان رۆژبەیانی: ئەگەر رێكەوتننامەی شنگال بە چاودێری UN نەبوایە، عێراق پابەندی نەدەبوو

0

(نوچەنێت) فەرهاد حەسەن

بریارە ئەمڕۆ یەكشەممە 22/11/2020، لیژنەی ھەمواری دەستووری عێراق لە بەغدا كۆبێتەوەو، بەشێک لە شیعەکانیش پێشنیازیان کردووە ماددەی ١٤٠ لەناو دەستووردا لاببرێت، بەڵام سەرۆكی لیژنه‌ی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم، لەپەرلەمانی كوردستان ئەوە دووپات دەكاتەوە كە پێویستە ئەو مادەیە بمێنێ و دڵنیاشم نوێنەرانی كورد لەبەغدا وەك هەمیشە پێداگر دەبن بۆ مانەوەی ئەو مادە دەستوورییە.

لەلێدوانێكدا جوان یونس رۆژبەیانی سەرۆكی لیژنه‌ی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم بە (نوچەنێت)ی راگەیاند “بەڵێ ئێمە ئاگاداری ئەو كۆبوونەوەی ئەمڕۆین و لەگەڵ فراكسیۆنە كوردیەكانی بەغدا لە سەر خەتین، چونكە ئەوانیش بەشدارن لەو كۆبوونەوەیەی كە ئەمڕۆ لە بەغدا دەكرێت، دیارە پێشتریش ئێمە راپۆرتی خۆمان داوەو رامانگەیاندووە كە نابێ بەهیچ شێوەیەك دەستكاری ئەو ماددەیە بكرێت، چونكە تاكە مادەی ناو دەستووری عێراق كە بۆ ناوچە كوردستانییەكان هەبێ ماددەی 140 ە كە بەداخەوە تاكو ئێستاش ئیشی لەسەر نەكراوە، بەڵام هەروەك ئومێدێك دەبێ ئەو ماددەیە لەناو دەستووردا بمێنێتەوە”.

لەحاڵێكدا ئەگەر مادەی 140 هەموواربكرێتەوە، ئەوا سەرۆكی لیژنەی ناوبراو دەڵێ ئێمە پێشنیاری خۆمان بۆ هەمواركردنەوەكەش هەیە و دەڵێ ” ئەگەر هەموار كرایەوە، ئەوا پێشنیاری ئێمە ئەوەیە كە كاتێك بۆ جێبەجێ كردنی دابنرێت”، چونكە دەشڵێ “بەڵكو لەگەڵ دانانی ئەو كاتە حكوومەتی عێراقی پابەند بێت كە قۆناغەكانی ماددەی 140 جێبەجێ بكات”.

جوان رۆژبەیانی ئەوەش دووپات دەكاتەوە كە لە كۆبوونەوەكانی پێشتری ئەو لیژنەیەش داواكرابوو كە ئەو ماددەیە لە دەستوور دەبهێندرێت، بەڵام كوردەكانی ئەوێ پێداگربوون كە نابێ بەهیچ شێوەیەك ئەو ماددەیە دەربهێنرێت، بۆیە پێشبینیش  دەكەم لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆشدا بەهەمان شێوە كورد پێداگر بێت بۆ مانەوەی ئەو ماددە لەناو دەستووری عێراقیدا”.

لەبارەی ئەوەی كە بۆچی شیعەكان سوورن لە سەر دەرهێنانی ئەو ماددەیە لەناو دەستووردا، سەرۆكی ئەو لیژنەیەی پەرلەمان دەڵێ “دیارە ئەو مادەیە دەبوایە لە ساڵی 2007 ەوە جێبەجێ كرابا، بەڵام دیارە مانەوەی ئەو ماددەیە بۆ ئەوان ترسێكی هەیە، لەوەی كە لە داهاتوودا جێبەجێ بكرێ و ئەو ناوچە كوردستانیانە بگەڕێنەوە سەر هەرێمی كوردستان، چونكە ئەوان دەیانەوێ ئەو ناوچە كوردستانیانە یان هەر بەو شێوەیەی ئێستا لەژێر ئیدارەی حكوومەتی عێراقیدا بمێننەوە، یان ئەو ناوچانە بەتەواوەتی بگەڕێنەوە سەر عێراق”. ئەوەش دووپات دەكاتەوە كە “شیعەكان ترسی لەدەستدانی نەك ئەو ناوچە كوردستانیاییان لە جێبەجێكردنی ئەو ماددە دەستوورییە هەیە، بەڵكو ناوچەی تریش كە لەلای خۆیاندا هەن و دەیانەوێ‌ ئەو ناوچانەی لای خۆشیان هەر بەو شێوەیە ئێستا بمێننەوە”.

لەبارەی جێبەجێكردنی رێككەوتنامەی شنگالیش سەرۆكی لیژنه‌ی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم، لەپەرلەمانی كوردستان دەڵێ” بەڵێ لە نزیكەوە ئاگاداری جێبەجێ كردنی ئەو رێكەتنەین و بۆ ئەم مەبەستەش هەفتەی رابردوو میوانداری وەزیری ناوخۆمان لە لیژنەكەماندا كرد و گفتوگۆمان لەسەر ئەو بابەتە كردووە، ئەوان دەست بەجێبەجێ كردنی هەنگاوەكانی ئەو رێكەوتننامەیە دەكەن”.

ناوبراو ئەوە ناشارێتەوە كە ئەو هێزانەی لەناو شنگالن بوونەتە كێشە لەبەردەم جێبەجێ كردنەكە، بەڵام دەشڵێ “دەبێ حكوومەتی عێراقی بە جدی بێتە سەرخەت و ئەو هێزانە لەناو شنگالدا نەهێلێ، بۆیە ئەگەر ئەو هێزانە نەمێنن هەنگاوەكانی جێبەجێ كردنی ئەو رێكەوتننامەیەش ئاسانتر جێبەجێ دەكرێن”.

لەبارەی ئەوەی كە تاچەند پێیان وایە دەركردنی ئەو هێزانە لەناو شنگالدا قوڕس بێت، جوان رۆژبەیانی دەڵێ “ئەگەر حكوومەتی عێراقی بەجدی بێتە سەرخەت، پێموانیە بەوشێوەیە قوڕس بێ، هەرچەندە من وایدەبینم كە ئەوبابەت بەوشێوەیەش ئاسان نیە، بەڵام ئەگەر حكوومەتی عێراقی باپەند بێت بە رێكەوتنەكە ئەوا دەبێ بەهەر شێوەیەك بێت ئەو هێزانە لەناو شنگال ببەنە دەرەوە، چونكە وەك چۆن پێشتر دەرگایان بۆ كردنەوە و ئەو هێزانە هاتنە ناو شنگال، ئێستاش دەبێ لەناو شنگالدا بیانبەنە دەرەوە”.

 سەبارەت بە دروستكردنی ناوەندی هێزی هاوبەشیش كە پێشتر حكوومەتی عێراقی بڕیاری لەسەر دابوو، ناوبراو ئەوە رووندەكاتەوە كە هەرچەندە بریارەكە دەرچووە كە ئەو ناوەندانە لە ناوچە كێشەلەسەرەكان دروست بكرێن، بەڵام دەڵێ “بەداخەوە تا ئێستا ئەو ناوەندانە دروست نەكراون”.

ئەوەش ناشارێتەوە كە ئەگەر رێكەوتننامەی شنگال بە چاودێری نەتەوە یەكگرتووەكان نەبوایە ئەوا عێراق پابەندی نەدەبوو، دەشڵێ “بەڵام ئێستا نەتەوەیەكگرتوەكان جەخت لەسەر حكوومەتی عێراق دەكەنەوە كە دەبێ ئەو رێكەتنە جێبەجێ بكرێ، بۆیە پێویستەِ بڕیاری دروستكردنی ئەو ناوەندانەی هێزی هاوبەشیش  لەنێوان هەرێمی كوردستان و عێراق جێبەجێ بكرێ”.   

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com