شێركۆ جەودەت: دەكرێ بە پێزانینی حكومەتی هەرێم، بەغدا راستەخۆ مووچە فەرمانبەرانی هەرێم بدات

0

(نوچەنێت) فەرهاد حەسەن

ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان ئەوە رەتدەكاتەوە كە لە رووی دەستووریی و یاساییەوە ئاماژە بەوە كرابێ كە فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بە چ میكانیزمێك مووچەكانیان وەربگرن، بۆیە دەڵێ “هەرئالییەتێك كە ئەو مافە بگەیەنێت بە خاوەن ماف بەشێوازێكی دروست ، پێویستە بگیرێتە بەر”.

شێركۆ جەودەت ئەندامی لیژنەی دارایی و كاروباری ئابووری پەرلەمان لە لێدوانێكدا بە (نوچەنێت)ی راگەیاند “لەرووی قانوونی و دەستوورییەوە باس لە میكانیزمی گەیاندنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان نەكراوە، بەڵام لەبەرئەوەی فەرمانبەرانی هەرێم مووچەی خۆیانیان پێناگات لەكاتی خۆیدا و بەبڕی خۆی، بۆیە هەرئالییەتێك كە ئەو مافە بگەیەنێت بە خاوەن ماف بەشێوازێكی دروست، پێویستە بگیرێتە بەر، چونكە ئەوەی كە كراوە، ستەمە لە فەرمانبەرانی هەرێم كراوە”.

ناوبراو ئەوەش دەخاتەڕوو كە ئەگەر راستەوخۆ لە بەغداوە مووچە بە فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بگات ئەوە دەكرێ بە ئالیەتێكی تایبەت و بە پێزانینی حكوومەتی هەرێمیش بكرێت بۆ ئەمەش دەڵێ “بەڵام ئەوەی كە بڵێی لە بەغداوە راستەخۆ مووچە بگات بە فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان  ئەوە ئەكرێ بە پێزانینی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە تەنسیق لەگەڵ حكومەتی هەرێم، ئالیەتێكی بانكی دابنرێت و لە رێگەیەوە ئەو مافە بگەیەنرێ بە فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان”.

شێركۆ جەودەت ئەوەشی ئاشكرا كرد كە بۆ بابەتی گواستنەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بۆ سەر بەغدا بڕیارە سبەی لیژنەكەیان كۆببێتەوەو ئەو بابەتە تاووتوێ بكات.

ماوەیەكە جموجۆڵێكی بەرفراوان لەناو پەرلەمانی عێراقیدا دروست بووە بۆ ئەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بخرێتە سەر بەغدا، بۆ ئەم مەبەستەش تا ئێستا 112 ئیمزای ئەندامانی پەرلەمان كۆكراوتەوە بۆ ئەوەی دانیشتنێكی تایبەتی پەرلەمانی عێراقی لەسەر بكرێت.  

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com