نوچه‌نێت
رۆژنامه‌ى واشنتن پۆستى ئه‌مریكى ئاشكراى كردووه، حكوومه‌تى دۆناڵد تره‌مپ دوایین ده‌رفه‌تى خۆى به حكوومه‌تى كازمى داوه و 45 رۆژ لێخۆشبوونى بۆ نوێكردووه‌ته‌وه، بۆئه‌وه‌ى له‌سه‌ر هاورده‌كردنى كاره‌باى ئێران به‌رده‌وام بێت.
رۆژنامه‌ى واشنتن پۆست دووپاتى له‌سه‌ر ئه‌وه كردووه‌ته‌وه، ماوه‌ى لێخۆشبوونه‌كه له‌گه‌ڵ ته‌واوبوونى ماوه‌ى سه‌رۆكایه‌تى دۆناڵد تره‌مپ كۆتایى دێت و ناشزانرێت حكوومه‌تى بایدن كه له 20ى مانگى كانوونى دووه‌م”مانگى یه‌كى 2021″ ده‌ست به‌كار ده‌بێ، چۆن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌م دۆسیه‌یه ده‌كات.
كاتێك مسته‌فا كازمى له مانگى ئایارى رابردوو بوو به سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق، وه‌ك پاڵپشتییه‌ك ئه‌مریكا سێ مانگ “120” رۆژى لێخۆشبوونه‌كه‌ى بۆ نوێ كرده‌وه و دواتر جارێكى تریش لێخۆشبوونى بۆ نوێكرایه‌وه و كه له‌م مانگه‌دا كۆتایى دێت.
رۆژنامه ئه‌مریكییه‌كه ده‌ڵێ، حكوومه‌تى تره‌مپ ماوه‌ى لێخۆشبوونهكانى كورت كردووه‌ته‌وه بۆئه‌وه‌ى حكوومه‌تى كازمى پشت به‌خۆى ببه‌ستێ له به‌رهه‌مهێنانى كاره‌با.
له مانگى ئایارى ساڵى 2018 ئه‌مریكا له رێككه‌وتنى ئه‌تۆمى ئێران كشایه‌وه و دواتر كۆمه‌ڵێك سزاى به‌سه‌ر ئێران سه‌پاند، له مانگى تشرینى دووه‌مى هه‌مان ساڵ چه‌ند سزایه‌كى به‌سه‌ر كه‌رتى وزه‌ى ئێران سه‌پاند، به‌گوێره‌ى ئه‌م سزایانه نابێت هیچ وڵات و رێكخراو و كۆمپانیاییه‌ك مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئێران بكه‌ن، ته‌نیا عێراق نه‌بێت لێخۆشبوونى پێدراوه، به‌هۆى ئه‌وه‌ى ناتوانێت كاره‌باى خۆى دابین بكات.