(نوچەنێت)
رێككەوتنامەی شنگال كەوتە واری جێبەجێكردن و بۆ ئەم مەبەستەش شەوی رابردوو یەكەمین دەستەی هێزی پۆلیسی فیدراڵی چوونە شنگال .
میدیا عێراقییەكان بڵاویان كردەوە كە لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی شنگال لە نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان، حکومەتی عێراق دەستی کرد بە ناردنی هێزی پۆلیسی فیدڕاڵی، بۆ سەنتەر و دەوروبەری قەزای شنگال.
سەبارەت بە پێكهاتەی ئەو هێزەی چۆتە شنگال سەرچاوەكان دەڵێن، ئەو هێزە، پۆلیسی فیدراڵین و لە سێ لیوا پێکهاتوون، هەر لیوایەک لە 2000 پۆلیس پێکدێت. لەناوچەكانی (خانەسۆر و حەیالێ و جیدالێ وسەنتەری قەزای شنگال) جێگیر كراون.
رۆژی سێشەممەی رابردوو 17-11-2020 شاندێکی حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتیی قاسم ئەعرەجی، راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق گەیشتتە هەولێر و بۆ دیاریکردنی رێکارەکانی جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی شنگال، لەگەڵ رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
دوای کۆبوونەوەکە هەردوولا رایانگەیاند كە هەنگاوی پێشکەوتووی باش لەو بوارەدا نراوە بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخەکە و گەڕانەوەی ژیانی شارستانی و گەڕانەوەی ئاوارەکان، ئەوەشیان راگەیاند كە “ئیرادەیەکی راستەقینەی دانیشتووانی ئەو قەزایە هەیە بۆ بەڕێوەبردنی ئەو شارە بەشێوەیەکی ئاسایی و دوورخستنەوەی هەموو ئەوانەی دەیانەوێت ئاسایشی ئەو شارە تێکبدەن، جگە لە عێراقییەکان نابێت هیچ بوونێکی دیکە هەبێت”.