ئەو رێكخراوە ئەمەریكییە بانگهێشتی پەرلەمان دەكرێت كە بێڕێزی بە كەسوكاری شەهیدان كردبوو

0

(نوچەنێت) فەرهاد حەسەن

دوای ئەوەی رۆژی 11 ی ئەم مانگە ژمارەیەك كەسوكاری شەهیدانی شەڕی داعش لەبەردەم نەخۆشخانەی پێشمەرگەدا ناڕەزاییان لەبەرابنەر هاوكارییەكانی رێكخراوێكی ئەمەریكی دەربڕی و رایانگەیاند كە ئەو رێكخراوە سووكایەتی و بێڕێزی بەوانەوە كردووە، هەریەك لە لیژنەی كاروباری شەهیدانی پەرلەمان و وەزاەرتی پێشمەرگەش هاتنە دەنگ و نیگەرانیی خۆیان لەو رووداوە دەربڕی، لە ئێستاشدا لیژنەی كاروباری شەهیدانی پەرلەمانی كوردستان بەدواداچوونی زیاتر بۆ ئەو پرسە دەكات و دووپاتی دەكاتەوە كە ئەوان بەهیچ شێوەیەك قەبوڵ ناكات بیڕێزی بەرانبەر بە كەسوكاری شەهیدان بكرێت.

كاتێك كە لیژنەی كاروباری شەهیدان بەو رووداوەیان زانیوە راستەوخۆ كۆبوونەوەیان ئەنجامداو هەروەك (سوسن محەمەد میرخان) سه‌رۆكی لیژنەكەش دەڵێ “لە لیژنەی شەهیدان لیژنەیەكی لاوەكیمان دروستكرد بۆ بەدواداچوونی ئەو بابەتە، كە بۆچی رێكخراوێك ناوێكی وا گەورەی هەڵگرتووەو سووكایەتی و بێڕبێزی بە كەسوكاری شەهیدان دەكات!”.

رۆژی چوارشەممەی رابردوو لیژنەكەی پەرلەمان سەردانی وەزارەتی پێشمەرگە دەكەن و لەگەڵ وەزیری پێشمەرگەو بریكارەكەی كۆدەبنەوەو نیگەرانی خۆیان بۆ ئەو جۆرە مامەڵە كردنەی ئەو رێكخراوە لەبەرانبەر كەسوكاری شەهیدان دەربڕی، سەرۆكی لیژنە دەشڵێ “ئێمە بانگهێشتی نوێنەری شەهیدانمان كردو داوای لێبووردنمان لێكردوون، چونكە بەراستی ئێمەش نەمانزانیوە، ئەو بابەتەش ناڕەزایەتییەكی زۆری لێكەوتەوە”.

لایخۆشییەوە هه‌ژان حەسەن ئەحمەد  بڕیارده‌ری لیژنەی كاروباری شەهیدانی پەرلەمان، دەڵێ “هەرچەندە باس لەوە كراوە كە ئەو رێكخراوە ئەمەریكییە پێشتر هاوكاری كەسوكاری شەهیدانی كردووەو كاری باشی بۆ ئەم مەبەستە كردووە، بەڵام ئێمە رێكخراوەكە بانگهێشتی لیژنەكەمان دەكەین، بۆ ئەوەی لەوە دڵنیابینەوە كە بۆچی لەو رۆژەدا و لەبەردەم نەخۆشخانەی پێشمەرگە بەو جۆرە مامەڵەیان لەگەڵ كەسوكاری شەهیدان كردووە؟”

هەژان دەشڵێ “ئێمە داوامان كردووە كە ئەو رێكخراوەە ببینین بۆ ئەوەی ئەوەشمان بۆ روونبكەنەوە كە بۆچی ئەو هاوكاریانەیان تەنها دابەشی سەر چەند كەسوكارێكی دیاریكراو كردووە؟”

رۆژی 11 ی ئەم مانگە وەزارەتی پیشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان نیگەرانی لەو رووداوە دەربڕی و روونكردنەوەیەكیشی بڵاوكردەوە، وەزارەتی ناوبراو دەڵێ “ئه‌مڕۆ له‌ هه‌ولێر 250 خێزانی كه‌سوكاری شه‌هیدانی شه‌ڕی داعش ناڕه‌زاییان ده‌ربڕی و ئه‌و هاوكارییه‌یان سووتاند كه‌ له‌لایه‌ن رێكخراوی خێرخوازی رێگه‌ی پێشكه‌وتنی ئه‌مەریكی پێیان درابوو، لە وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ نیگەرانی ئەو رووداوەین، شەهیدان وکەسوکاری بەڕێزیان شایستەی زۆر لەوە زیاترن و تاجی سەرمانن، بەئەرکی خۆمانی دەزانین، بەهەموو جۆرێک و بەباشترین شێوە خزمەتی وارسی شەهیدان بکەین”.

سەبارەت بە كارەكانی ئەو رێكخراوە ئەمەریكییەش سەرۆكی لیژنەی كاروباری شەهیدان لە پەرلەمانی كوردستان ئەوە رووندەكاتەوە كە “دیارە كاری سەرەكی ئەو رێكخراوە وەك ئێمە زانیومانە دابەشكردنی هاوكارییە بەسەر ئاوارەكاندا، ئاوارەكانیش بەگشتی لە جۆرە بارودۆخێكدان كە پێویستیان بەهەموو جۆرە هاوكارییەك هەیە، بۆیە وەك باسدەكرێ ئەوانەی ئەو یارمەتیانەشیان بەسەر كەسوكاری شەهیدان دابەشكردووە نەیانزانیوە جۆری ئەو هاوكارییە چیە..”

سەرەڕای ئەوەی كە لیژنەكەی پەرلەمان و وەزارەتیش پێشمەرگەش لەوە دڵنیا بوونەتەوە كە ئەو رێكخراوە ئەمەریكییە بە ئەنقەست ئەو كارەی نەكردووە بەڵام سەرۆكی لیژنەكەی پەرلەمان دەڵێ “هەرچەندە وەزیری پێشمەرگەش ئەوەی بۆ روونكردینەوە كە ئەو كارە بە ئەنقەست نەبووە بەڵام ئێمە وەك لیژنە داوامان كردووە رێكخەری ئەو رێكخراوە ببینین بۆ ئەوەی چیتر ئەو مافە بەخۆی نەدا لەژێر ناوی یارمەتیدان سووكایەتی بە كەسوكاری شەهیدان بكات، چونكە ناكرێ جلی كۆن بەسەر كەسوكاری شەهیدان دابەش بكرێ”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com