(نوچەنێت)
بەپێی زانیارییە فەرمییەكان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق ، رەشنووسێكی نوێی رێككەوتنیان لەنێوان خۆیاندا ئامادەكردووە كە تیایدا پرسی نەوت دەروازە سنوورییەكان چارەسەر كراوەو دەخرێتە ناو رەشنووسی بودجەی ساڵی داهاتووەوە.
لەمبارەیەوە ئەحمەد سەفار بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە میدیاکانی عێراقی راگەیاندووە، رێککەوتنە نوێکەی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا بەجۆرێکە هەرێم ٥٠%ی نەوتەکەی رادەستی کۆمپانیای سۆمۆ دەکات و میکانیزمێکیش دادەنرێت بۆ ئەوەی نیوەی داهاتی فڕۆکەخانە و دەروازە سنوورییەکان بۆ حکومەتی بهغدا بگەڕێنرێتەوە.
راشیگەیاندووە، لە بەرامبەردا بەغدا بەڵێن دەدات شایستە داراییەکانی ئەو کۆمپانیا بیانیانە بدات کە لە کەرتی نەوتیی هەرێمی کوردستاندا کاردەکەن، ئەوە جگە لە ناردنی بودجە و موچەی فەرمانبەرانی هەرێم.
بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق روونیشیکردووەتەوە، لەبەرئەوەی هەرێمی کوردستان نەوتەکەی لە رێگای کۆمپانیای نیشتیمانی بە بازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)وە نافرۆشێت، بۆیە نرخەکەی لە بازاڕی جیهانیدا هەرزانترە.
باسی لەوەشکردووە، هەرکاتێک هەرێم رازیبێت نەوتەکەی لە رێگای کۆمپانیای سۆمۆوە بفرۆشێت، ئەوا بەشێوەیەکی بەرچاو نرخەکەی بەرزدەبێتەوە.