پڕۆژەیاسایەكی پەرلەمان، ئاوی كوردستان لە مەترسیی و بەهەدەردان دەپارێزێت

0

(نوچەنێت) فەرهاد حەسەن

لیژنەی كشتوكاڵ و ئاودێری لە پەرلەمانی هەرێمی كوردستان سەرقاڵی دەوڵەمەند كردنی پڕۆژەیەكە تایبەت بە پاراستنی ئاو لە هەرێمی كوردستان و بە پەسەند كردنی ئەو پڕۆژەیەش لەڕووی یاساییەوە پارێزگاری لە ئاو دەكرێت و لە بەهەدەر دان دەپارێزرێت.

شوان كەریم محەمەد جێگری سه‌رۆكی لیژنەی كشتوكاڵ و ئاودێری لەبارەی ئەو پڕۆژە یاسایەوە بە (نوچەنێت)ی راگەیاند “پڕۆژەیاسای ئاو لە هەرێمی كوردستاندا پڕۆژەیەكی هاوبەشە و پێشكەش بە لیژنەكەمان كراوە، برییتە لە دوو پێشنیازی پڕۆژە، كە یەكەمیان لەلایەن فراكسیۆنی زەردەوە پێشكەش كراوەو و دووەمیشیان لەلایەن فراكسیۆنی سەوز، ئەو پڕۆژەیە پێویست دەكات كاری ووردی لەسەر بكرێ بەبەراورد لەگەڵ ئەو پرۆژەیەی كە لە عێراقدا هەیە، بۆ ئەوەی بەریەككەوتن لەگەڵ پرۆژەكەی عێراق دروست نەبێت، هەوڵیشمان داوە سوود لە شارەزایانی بواری ئاو وەربگرین، دەمانەوێ‌ پرۆژەیاسایەكی پوخت بێ، هەم لە رووی ئاساییشەوە ئاو لە هەرێمی كوردستان بپارێزین، هەم لە رووی خزمەتگوزاریشەوە پڕۆژە یاسایێكی باش بێت”.

سەبارەت بە سەرچاوە سەرەكییەكانی ئاوی هەرێمی كوردستان، جێگری سەرۆكی لیژنەی كشتوكاڵ وتی “سەرچاوەكانی ئاوی هەرێمی كوردستان جگە لەوەی بەشێك لەدەرەوەی هەرێمی كوردستاندان، لەناوخۆشدا ئاوی ژێرزەویشمان هەیە كە ئەمەشیان بابەتی ئاوی خواردنەوەو ئاوەڕۆكان و بەنداوەكان دەگرێتەوە”.

ناوبراو ئەوە ناشارێتەوە كە لە هەرێمی كوردستاندا بەهۆی لێدانی ژمارەیەكی زۆری بیرەوە ئاوی ژێر زەوی لە مەترسیدایە، دەڵێ  “بێگومان ئاستی ئاوی ژێر زەوی بەهۆی زۆری لێدانی بیرەوە زیاتر لە 25 مەتر دابەزیوە، ئەوەش مەترسییە، جا بۆ ئەوەی بتوانین ئاستی ئاوی ژێر زەویش دانەبەزێ پێویستمان بەوەیە كە بەنداومان هەبێ و كار بەو بەنداوانە بكرێ و وابكرێ بەشێوەیەكی كەمتر ئاوی ژێر زەوی بەكار بهێندرێ”

لەبارەی دروستكردنی بەنداویش لەهەرێمی كوردستاندا وتیشی “دیارە حكوومەت پلانی خۆی هەیە بۆ دروست كردنی بەنداو چەندین دیزانی بۆ دروستكردنی بەنداو لە هەرێمی كوردستان ئامادە كردووە بەڵام بەهۆی ئەو قەیرانە ئابووریەی كە هەرێمی گرتۆتەوە لەوانەیە رێگر بووبێ بۆ دروستكردنی ئەو بەنداوانە، بەڵام وەك ئاگادارین هەوڵی جدییش هەیە بۆ دروستكردنی بەنداوەكان”.

سەبارەت بەوە كە ساڵانە هەرێمی كوردستان پێویستی بە رێژەیەكی ئاو هەیە، شوان كەریم محەمەد  جێگری سه‌رۆكی لیژنەی كشتوكاڵ و ئاودێری رایگەیاند ” لە ئێستادا رێژەیەكمان لەبەردەست نیە كە بووترێ هەرێمی كوردستان پێویستی ساڵانەی بە ئاو ئەو رێژەیەیە، ئەویش بەهۆی ئەوەی كە بابەتی ئاو گرنگ و كاریگەرە بەڵام بەدڵنیاییەوە لە ئاییندەدا لەگەڵ پەسەندكردنی ئەو پڕۆژە یاسایە، پێویستە ئەو رێژەیەشمان لەبەردەست بێت”.

جێگری سەرۆكی لیژنەی كشتوكاڵ و ئاودێری لە پەرلەمان ئەو مەترسیانەشی خستە ڕوو كە رووبەڕووی ئاوی هەرێمی كوردستان دەبنەوەو دەڵێ “بەگشتی مەترسی خراپ بەكارهێنانی ئاو و گلنەدانەوەی ئاو لە هەرێمی كوردستان مەترسین، چونكە تا ئێستاش نەتوانراوە سوودی لێوەربگیرێ كە ئەمەش زیانێكی گەورەیە بۆ ژێرخانی ئابووری هەرێمی كوردستان، چونكە ئەو ئاوە بێ ئەوەی سوودی لێوەربگرین بەهەدەر دەرواتە ئەو شوێنانەی كە لە دەرەوەی هەرێمی كوردستاندان، ئەمەو جگە لەوەی كەباسیشم كرد بابەتی كەمبونەوەی ئاوە ژێر زەویش مەترسییەكی دیكەیە”.

لە كۆتاییشدا ناوبراو ئەوەی روونكردەوە كە “لە ئێستادا ئەو پرۆژەیاسایە خوێندنەوەی یەكەمی  بۆ كراوەو لە لیژنەیەو ئێمە كاری لەسەر دەكەین بەسوود وەرگرتن لە شارەزایانی بوارەكە  بۆ ئەوەی بتوانین لەگەڵ لیژنەی یاسایی پەرلەمان بیكەینە راپۆرتێك و بیكەنە پرۆژەیەكی گشتگیر بۆ ئەوەی خوێندنەوەی دووەمی بۆ بكرێت”.

بەپێی زانیارییە فەرمییەكان نزیكەی % 50ی ئاوەكانی كوردستان لەناوخۆی هەرێم هەڵدەقوڵێن، بەپێچەوانەی سەرچاوەی ئاوەكانی عێراقەوە كە تەنیا % 8ی لەناوخۆی عێراقەوە سەرچاوە دەگرن.

بەگوێرەی ئامارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش، 5 هەزارو 174 كانیاوی سروشتی لەكوردستان هەن و كوردستانیش بەئاوی شیرین دەوڵەمەندە، ئەمەو جگە لەوەی كە لە هەرێم چوار ڕوباری سەرەكی هەیە ئەوانیش (زێی گەورەو زێی بچوك و سیروان و ئەڵوەن) ئەگەرچی ئەم روبارانە ئەوەندەی روبارەكانی دیجلەو فورات ناسراو نین، بەڵام سەرچاوەی ئاوی ناوخۆی هەرێمی كوردستانن.

لایخۆشییەوە وەزارەتی پلاندانانی هەرێمی كوردستان ئەوەی دوپات كردوەتەوە كە بەكارهێنانی ئاو لەهەرێمی كوردستان چوار ئەوەندەی ئەو ستانداردەیە كە لە ئاستی جیهان بۆهەر تاكێك دیاریكراوە.

لە تەواوی جیهانیشدا % 70ی بەكارهێنانی ئاو لە بواری كشتوكاڵیدایە و % 25ی بۆكەرتی پیشەسازییە و تەنیا% 5 ی بۆ خواردنەوە و خۆشتن و پاككردنەوە لەلایەن مرۆڤەوە بەكاردەهیێنرێت.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com