گومانی گەندەڵی لە دوو دۆسییەی تايبه ت به (هەولێر و سلێمانی) دەكرێت و لیژنەیەكی پەرلەمانیش كاری لەسەر دەكات

0

(نوچەنێت) فەرهاد حەسەن

سەرۆكی لیژنەی رۆشنبیری و كۆمەڵگەی مەدەنی لە پەرلەمانی كوردستان، ئەوەی دووپات كردەوە كە لیژنەكەیان بەبایەخەوە دەڕوانێتە هەردوو دۆسییەی (5 ملیۆن دۆلار بۆ پایتەختی گەشتیار هەولێر و 20 ملیار دیناریش بۆ پایتەختی رۆشنبیری سلێمانی) و كاریان لەسەر دەكات.

سەلمه‌ فاتیح تۆفیق سه‌رۆكی لیژنەی رۆشنبیری‌ سەبارەت بەو دوو دۆسییەیە بە (نوچەنێت)ی راگەیاند “دۆسییەی پێنج ملیۆن دۆلارەكەی پایتەختی گەشتیاری هەولێر كە پێیدراوە، بۆ بووژاندنەوەی كەرتی گەشتیاری و بوونی بە پایتەختی گەشتیاری بووە، ئەو بابەتە بەداخەوە لەلایەن دەستەی نەزاهەی هەرێمی كوردستانەوە داخراوە، ئێمەش لە هۆكارەكانی داخستنی ئەو دۆسییەیە دەكۆڵینەوە، كە بۆچی دەستەی نەزاهە ئەو دۆسییەی داخستووە”.

دوێنێ سێشەممەی لیژنەی ناوبراو میوانداری سەرۆكی دەستەی دەستپاكی هەرێمی كوردستان (حاكم ئەحمەد)یان كرد و داوایان لێكرد كە ووردەكاری ئەو دۆسییەیان بۆ بنێرێ و هەروەك سەرۆكی لیژنەش دەڵێ “جا ئەگەر هەر نایاساییەك لەناو دۆسییەكەدا هەبێ ئەوا پێویستە دەستەی ناوبراو رێكاری یاسایی خۆی بگرێتە بەر و گەندەڵكاران بدرێنە دادگا”.

سەبارەت بە دۆسسیەی دووەمیش سەلمە فاتیح دەڵێ “دۆسییەی دووەەمیش تایبەتە بە 20 ملیار دینار بۆ پایتەختی رۆشنبیر كە دراوەتە پارێزگای سلێمانی، ئەمەشیان لەلایەن لیژنەكەمانەوە كاری لەسەر كراوە، دەستەی دیوانی چاودێری دارایی داوای ووردەكاری دەكات، ئێمەش ناردوومانە بۆ لیژنەی دەستپاكی بۆئەوەی لێكۆڵینەوەی ووردی لەسەربكات، دیارە تا ئێستا كارەكانیان تەواو نەبووە، ئێمەش داوامان كردووە پەلە بكرێ بۆ ئەوەی ئەنجامەكەیمان پێرابگەینن”.

هەر لەسەر ئەو دۆسییەیە سەرۆكی لیژنە دەڵێ “چەند خاڵێكمان ناردووە بۆ وەزارەتی رۆشنبیری دیارە ئەوانیش لەسەر ئەو داوایەی ئێمە لیژنەیەكیان پێكهێناوە بۆ پاكتاوكردنی حساباتەكان و لێكۆڵینەوەی ووردتر”، دوویاتی دەكاتەوە كە “بەڵێ‌ وەزارەت لەو دۆسییەیە هاوكارمانە و لەسەر داواو راسپاردەی ئێمە لیژنەی لێكۆڵینەوەو بەدواداچوون و چاودێری پێكهێناوە”.

لەبارەی ئەوەی كە لیژنەكەیان تاچەند بەڵگەی گەندەڵی یان گومانیان لەو دوو دۆسییەیە هەیە، سەلما فاتیح وتی “من ناتوانم گومانەكانی خۆم بڵێم لەسەر ئەو دۆسییانە، لەئێستادا ئێمە داوای لێكۆڵینەوەی وورد دەكەین، جا ئەگەر  لەهەریەكێك لەو دۆسییانە گەندەڵی تێدا كرابێ ئەوا پێویست دەكا تۆمەتبارەكان بدرێنە دادگا و رێڕەوی یاسایی خۆی وەربگرێ و بەهیچ شێوەیەكیش دۆسییەی 5 ملیۆن دۆلارەكەی پایتەختی گەشتیاری دانەخرێت و لێكۆڵینەوەی لەسەر بكرێ”.

ئەوەش دووپات دەكاتەوە كە “ئەگەر لیژنەی دەستپاكی لە پەرلەمانی كوردستان بە ووردی و بەجدی كار لەسەر ئەو دۆسییانە بكات ئەوا بێگومان یەكلایان دەكاتەوە، چونكە پێشتر كاری باشیان كردووە و دۆسییەی تریان یەكلاكردۆتەوە”.

لەكۆتاییشدا لەبارەی ئەو هەوڵەی لیژنەكەیان بۆ لێكۆڵینەوەو بەدواداچوونی ئەو دۆسییانە و تاچەند ئەنجامێكی باشی دەبێت؟ سەرۆكی لیژنەكە دەڵێ “بەڵێ بێگومان ئەو بەدواداچوون و چاودێرییەی لیژنەكمان دەرەنجامی باشی دەبێت، چونكە ئەو دوو دۆسسیەیە دوو دۆسییەی گرنگن لە پەرلەمان و لیژنەی لاوەكیشمان بۆ ئەو دۆسییانە دروست كردووە، بۆیە ئەو دۆسییانە بەلای ئێمە زۆر بە گرنگی سەیریان دەكرێت”.

لەئێستادا لیژنەی ناوبراو چاوەڕێی وەڵامی دەستەی دەستپاكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكات بۆ ئەوەی ئەو روونكردنەوەو زانیاریانەیان بۆ بنێرێتەوە كە دوێنێ لە كۆبوونەوەی لیژنەكەیان لە پەرلەمان ئاڕاستەی سەرۆكی ئەو دەستەیەیان كردبوو.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com