(نوچەنێت)
وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستان رایگەیاند كە هەرێم بەهاوبەشی لەگەڵ حكوومەتی عێراقیدا قائیمقامێك بۆ شنگال دادەنێن و وتیشی “دەست بە جێبەجێكردنی رێكەوتننامەی شنگال دەكەین”
لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیداو دوای ئەوەی كۆبوونەوەكەیان بەكۆتا هات، هەریەک لە رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان، و قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، چۆنییەتی جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی شنگالیان تاوتوێ کرد، لەو کۆنگرە رۆژنامەوانیەشدا رایانگەیاند” دەست بە جێبەجێکردنی رێکەوتنی شنگال دەکەن، خەڵکی شنگال خاوەنی ناوچەکەن نەک خەڵکانێک کە لەدەرەوە هاتون”.
ئاماژەیان بەوەشکرد، هەردوولا پابەندن بە جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە و خشتەی کاتی پێکدەهێنرێت بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنە سیاسی، کارگێڕی و سەربازییەکان.
هاوکات وەزیری ناوخۆی هەرێم وتی” بەهاوبەشی لەگەڵ عێراق قائیمقامێک بۆ شنگال دادەنێن و دواتریش بە فەرمی ناوەکەی ئاشکرا دەکەن”.
زیاتر لەمانگێكە رێككەوتنامەی شنگال لەنێوان حكومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان ئیمزا كراوە، بەڵام بەهۆی هەندێ گرفت و كێشەی ئەمنییەوە نەتوانرا خاڵەكانی ئەم رێككەوتنە جێبەجێ بكرێت.