ئایا بایدن بەستەڵەكی (تەنیا چیاكان دۆستمانن) بۆ كورد دەتوێنێتەوە؟

0

(نوچەنێت) ئا: فەرهاد حەسەن

سەركەوتنی جۆ بایدن لە هەڵبژاردنەكانی ئەم دواییەی سەرۆكایەتی وڵاتەكەی، جۆرێك لە هیوای بۆ كورد دروستكردووە، ئەویش دوای ئەوەی لەژێر سایەی سیاسەتی دۆناڵد ترامپدا كوردەكان دووچاری بێهیوایی و شكست و و قەیرانی جۆراوجۆر بوون، لەسەرووی هەمووانەوە رەتكردنەوەی ئەنجامدانی ریفراندۆم بوو لەساڵی 2017 و دوای ئەوەی رێگەی بە هەریەك لە دەوڵەتانی وەك ئێران و عێراق و توركیا دا بەبەرفراوانی بێنە ناو هەرێمی كوردستان پرۆسەی سەربازی تێدا ئەنجام بدەن.

چاوەڕوانییەكانی جیهان لەسەر ئەو پرسیارو وەلام و پێشبینیانەن كە بۆ چوار ساڵی داهاتووی سیاسیەتی واشنتۆن بەرانەر بەناوچەكە بەگشتی دەكرێت، وابەستەی ئەو چنینەوە سیاسیەی دەكەن كە جۆ بایدن دەیەوێ لەچوارچێوەی بیرۆكەو سیاسەتەكانی ئەنجامی بدات بەتایبەتیش لە عێراقدا، كە بەشێوەیەكی بەردەوام ناكۆكی و جیاوازی زۆر لەنێوان هەولێر و بەغدادا هەیە، جا ئاخۆ بایدن لەسەر ئەو هەڵوێستەی مكووڕو سوور دەبێت كە پیشتر كاتێ جێگری باراك ئۆباما بوو، باسی دروستكردنی دەوڵەتی بۆ كورد كردووە؟ یاخود لەگەڵ هاتنە سەر كاری سەرۆكایەتی ئەمەریكادا ئەو هەڵوێستەی گۆڕانكاری بەسەردا دێت..؟ ئاخۆ كوردەكان جارێكی دیكەش بەدەست سەرۆكانی ئەمەریكاوە هیوابڕاو دەبن؟

 كورد خۆشحاڵە بەبایدن

دوای كۆتایی هاتنی هەڵبژاردنەكەی سەرۆكایەتی ئەمەریكا، سەركردەكانی كورد بە گەشبینییەوە روانیانە ئەو بەرەوپێشچوونەی بایدن كە لەو هەڵبژاردنە بەدەستی هێناوە، (هەرچەندە تا ئێستا ئەنجامی فەرمی و كۆتایی بۆ بردنەوەی بایدن رانەگەینراوە..) بەڵام ئەوان لەرێگەی میدیاكانیانەوە بروسكەی پیرۆزباییان بۆ نارد و پێیانوایە كە بوونە سەرۆكیی بایدن بۆ ئەوان هاتنە پێشەوەی قۆناغێكی نوێیە لەنێوان كورد و ئەمەریكادا، ئەمەش بەروونی لەهەردوو بروسكە پیرۆزباییەكەی سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكومەتی هەرێم رەنگدانەوەی تەواو و ئاشكرای هەبوو.

هەرچەندە چاودێرانی سیاسیی ئەوە بە خەیاڵ و وەهم دەزانن كە كورد بیر لەوە بكاتەوە واشنتۆن لەپێناو سەربەیخۆیی هەرێمی كوردستاندا پشتگیری و پاڵپشتییان دەكات و هەمانكات یارمەتیدەریشیان بێ بۆ چارەسەری ئەو قەیران و ئاستەنگە ئابووریی و سیاسیانەی كە ماوەی چەند ساڵێكە بەرۆكی ئەو هەرێمەی گرتووە، بەڵام كوردەكان لای خۆیانەوە چاوەڕێی ئەو قۆناغە نوێیەن، قۆناغێك كە پێویستە مامەڵەیەكی ژیرانەی لەگەڵدا بكرێ و بتوانن لەرێگەیەوە ئەو هەڵانەی رابردوویان دووبارە نەكەنەوەو سوود لەو رابردووە تاڵەشیان وەربگرن كە بەهۆی سیاسیەتی وڵاتان دووچاریان بووبووەوە. هەروەك سیاسەتمەداری ناسراوی كورد (د. مەحموود عوسمان) دەڵێ “ناكرێ كورد چاوەڕێی هیچ گۆڕانكارییەك لەسیاسەتی ئەمەریكا دا بكات بەتایەتیش بۆ خۆیان”.

مەحموود عوسمان ئەوە دووپات دەكاتەوە كە “ئەمەریكا بەیەك چاو تەماشای عێراق دەكات ئەویش بەتەنها عێراقێكی یەكگرتوو دەبینی و لەگەڵ ئەوەدا نیە دابەشی بكات، كوردیش بەشێكی عێراقە و چارەسەری كێشەكانیشیان لە بەغدایە نەك لە شوێنێكی تر بێت، تاكە گەرەنتییەكیش كە كورد بۆ مافەكانی هەیبێ لەناو دەستووری عێراقی دایە”.

ناوبراو ئەوەش دووپات دەكاتەوە كە ئەزموونی پێشتری كورد لەگەڵ سیاسەتی ئەمەریكادا وابووە و بەهیچ شێوەیەكیش گۆڕانكاری بەسەر دانەهاتووە، “جا پێموانیە بە هاتنی بایدن و رۆشتنی ترامپ و ئەوانی تریش ئەو سیاسەتە بگۆڕێ”..  بەڵام دەشڵێ “دەكرێ بەوشێوەیە لە بایدن بڕوانین كە ئەو كەسێكە زیاتر لە ترامپ شیاوی لێكتێگەیشتنی هەیە و زانیاری باش و ووردیشی لەسەر كێشەی كورد هەیە”.

ئەو سیاسەتمەدارەی كورد دەڵێ “لەناو سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریكادا هیچ رستەیەك نیە باسی (دەوڵەتی كوردی) بكات، جا ئەگەر جارێك لەجاران بایدن لەكۆبوونەوەیەكیدا ئەوەی بۆ مەسعود بارزانی باسكردبێت، ئەوا پێموایە لە مەرایی كردنی بایدن بۆ كورد هیچی تر نیە”.

كێشە سەرەكییەكەی هەولێر و بەغدا

دیارترین كێشەی نێوان هەولێر و بەغدا كە چەندین ساڵە بوونی هەیە و تائێستاش نەگەیشتوون بەچارەسەر، ئەو ناوچانەن كە پێیان دەوترێ (كێشەلەسەر) ئەوەش لە دەستووری عێراقیدا بەروونی ئاماژەی پێكراوەو كە ماددەیەكی تایبەتیشی بۆ دانراوە بەناوی مادەی 140 ی دەستووری عێراق. لەمبارەیەوە رێبوار عەبدولڕەحیم سەرۆكی لیژنەی پەیوەندیەكانی دەرەوەی پەرلەمانی كوردستان دەڵێ “سیاسەتی جۆ بایدن لەسەر ئەوە پێداگرە كە پێویستە بڕگەو بەندەكانی دەستووری عێراق جێبەجێ بكرێن، كە تیایاندا داواكاری زۆریشی بۆ كورد تێدایە”.

دەشڵێ “كورد زۆر گەشبینە بەوەی كە جۆ بایدن هاوكاری و پیشتگیریان بكات بۆ گەڕانەوەیان بۆ رێككەوتنی ساڵی 2014 كە باس لە ئیدارەدانی مەلەفی ئەمنی لە ناوچە كێشەلەسەرەكان بە هاوبەشی هێزی پێشمەرگەو هێزەكانی عێراقی بكرێت، بە نموونەش رێككەوتنی شنگال و دەركردنی چەكدارانی حەشدی شەعبی و پارتی كرێكارانی كوردستان لەناو شنگالدا”.

ناوبراو ئەوە رووندەكاتەوە “سیاسەتی بایدن جیاواز لە سیاسەتی دۆناڵد ترامپ بە قازانج و پشتگیریكردنی كورد كۆتایی دێت، بەوپێیەی یەكەمیان هاوڕێیەكی دێرینی كوردە، بەڵام لەسەر كوردیشە كە ئامادەیی هەبێ و بتوانی وەك پێویست مامەڵە لەگەڵ دۆخەكان و گۆڕانكارییەكان بكات و وابكات كە بچێتە ناو بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكاوە و كاریگەری لەسەر دروستكردنی بڕیار بۆ بایدن هەبێت”.

بڕیارەكانی كوردی

هەمیشە گۆڕانكاری لە بەرژەوەندیەكانی ئەمەریكاوە لەوەوەدێت كە گۆڕانكاری بەسەر سیاسەتەكەی لەناوچەكەدا هاتبێ، لەناویشیاندا لە عێراق و هەرێمی كوردستان، هەروەك سیروان بابان پەرلەمانتاری كوردستان دەڵێ “دەكرێ بەمەوە هیوا لەسەر جیاوازی سیاسەتكردنی جۆ بایدن هەڵبچنرێ، بەپێچەوانەی دۆناڵد ترامپ كە هەمیشە سیاسەتێكی زبری لەبەرانبەر كورددا پیادە دەكرد بۆیەشە نەیوانی هیچ هەڵوێستێكی ئەرێنێ بۆ خۆی لەبەرانبەر كورد دەستەبەر بكات”.

بابان دەشڵێ “ئەوەی كێشەو گرفتەكانی نێوان بەغدا و هەولێری ئاڵۆزتر كردووە ئەوەیە كە زۆرینەی بڕیارەكان لەهەرێم لەچوارچێوەیەكی گشتیگیردا نادرێن بەڵكو كەسیین”.

لەبارەی گۆڕانكاری لەسیاسەتی ئەمەریكاش سیراون بابان پێیوایە “گۆڕانكاری سیاسەتی ئەمەریكاوە بۆ بەرژەوەندی كورد لەرێگەی جۆ بایدنەوە شتێكی باشە، و پێچەوانەی ئەو سیاسەتەیە كە ترامپ دەیكرد، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە سەركردەكانی كوردیش هەڵەكانی پێشتریان راست بكەنەوە و دوور كەونەوە لە بەرژوەندییە حزبییەكانی خۆیان..”

لەماوەی چوار ساڵی رابردووی سەرۆكایەتییەكەیدا دۆناڵد ترامپ هیچ كاتێك هاوكارو هەماهەنگ نەبووە بۆ چارەسەرگكردنی كێشەكانی نێوان هەولێرو بەغدا، بەڵام چاودێران پێیانوایە كە بایدن زیاتر واقیعیترە لە ترامپ و زیاتر بابەتیانەش مامەلە لەگەڵ رووداوەكان دەكات، نەك بە چاوی قارانج و زەرەر تەماشای عێراق بكات ، وەك ئەوەی ترامپ دەیكرد.

سەرچاوە : جەزیرە نێت

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com