وەزارەتی تەندروستی رەتیكردەوە كە 500 كەس بۆ وەزارەتەكەیان دامەزرابێ

0

(نوچەنێت) فەرهاد

وەزارەتی تەندروستی هەرێمی كوردستان رەتیكردەوە كە ئەوەی لەچەند رۆژی رابردوودا بڵاوكراوەتەوە گوایە 500 كەس بۆ وەزارەتی تەندروستی دامەزراون، دەڵێ “ئەوە دامەزراندن نیە، بەڵكو بەكارخستنە”.

د. ئاسۆ حەوێزی وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لەلێدوانێكی تایبەتدا بۆ (نوچەنێت) ئەو هەواڵەی رەتكردەوە كە لەئێستادا بڕیاری دامەزراندنی 500 كەس لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە بۆ وەزارەتەكەیان درابێت، بەڵكو دەڵێ” ئەوە بەكار خستنەو دامەزراندنی نوێ نیە..”. 

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئەوەشی روونكردەوە كە “پێشتر وەزارەتەكەمان داوای كردبوو، كە چەند پسپۆڕییەكمان پێویستە بۆ ئەوەی بۆشاییەكانی كەرتی تەندروستی پێ پڕبكرێتەوە، جا بۆیە ئەو بڕیارە دەمێكە وەزارەتی تەندروستی  وەریگرتووە كە ئەویش بۆ ئەو خۆبەخشانەیە لە دەزگاكانی تەندروستی داوامیان دەكرد”.

وتیشی “وەزارەتی تەندروستی بە بەردەوام پشتگیری لەو خۆبەخشانە دەكات كە لە دەزگاكانی تەندروستی هەرێم كاردەكەن بەتایبەتیش ئەوانەی كە تا ئێیستا دانەمەزراون، یان گرێبەستیان نیە، حكومەت بەردەوام لە خەمی ئەو كەسانە دایە بەڵام  دیارە بەهۆی ئەو بارودۆخە سەختە ئابووریەی كە هەیە رێگرە لە ئەنجامدانی هەر كارێكی پێویست كە دەزگاكانمان پێویستییەتی”.

ئەوەشی دووپات كردەوە كە “لە داهاتوودا زیاتر پشتگیری و هاوكاری ئەو كەسە خۆبەخشانە دەكەین كە  بەشەكانی كەرتی تەندروستی بەكار خراون، بەتایبەتیش ئەوانەی گرێبەستیان نیەو وەزارەتی تەندروستیش تەواوی پشتگیریان دەكات”.

جێی باسە دوێنێ یەكشەممە بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی تەندروستی ھەرێم بەماڵپەری فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاندبوو، كە حكومه‌ت ڕەزامەندیی لەسەر دامەزراندنی 500 کەس بۆ وەزارەتی تەندروستی دەربڕیوه‌ و ئەم هەفتەیە ڕێنمایی بۆ دامەزراندن دەردەچێت.

ئەوەشی وتبوو كە “ئەو 500 كەسەی دادەمەزرێن، ھەموویان پەرستاری زانکۆ و یاریدەدەری پزیشکین و لەسەر میلاکی وەزارەتی تەندروستی دادەمەزرێن.”

پێویستە بگووترێ ماوەی چەند ساڵێكە حکومەتی هەرێمی كوردستان دەرگای دامەزراندنی بەشێوەیەكی گشتی داخستووە، لەكاتێكدا ساڵانە ژمارەیەكی زۆر لە دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێم لە چاوەڕوانی دامەزراندان.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com