(نوچەنێت) فەرهاد
ئەندامێكی لیژنهی دارایی و كاروباری ئابووری لە پەرلەمانی هەرێمی كوردستان ئەوە دووپات دەكاتەوە كە حكوومەتی ناوەندی عێراق پابەندە كە 320 ملیار دینارەكە بۆ هەرێمی كوردستان بنێرێ.
د.شێركۆ جەودەت، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی لەپەڕلەمانی كوردستان و ئەندامی لیژنهی دارایی و كاروباری ئابووری ، لە لێدوانێكدا ئەوەی بۆ (نوچەنێت) روونكردەوە كە “لەبەر ئەوە حكوومەتی عێراق پابەندە 320 ملیار دینارەكەی هەرێم بنێرێت، چونكە ئەو پابەندبوونە داراییەی لەساڵی 2019 یەو و پێشتر ئیقڕار كراوە، بەتایبەتیش بۆ مانگی 10”.
لەبارەی یاسای كەمكردنەوەی كورتهێنانی بودجەی عێراقیش وتی “یاسای كەمكردنەوەی كورتهێنانی بودجە جیاوازە لەو پابەندە داراییەی پێشتر، چونكە ئەو یاسایە لە رۆژی 12ی ئەم مانگەوە لە پەرلەمانی عێراق ئیقڕار كراوە، بۆیە هێشتا حكومەتی عێراق پابەندە كە 320 ملیار دینار بۆ مانگی 10 بۆ هەرێمی كوردستان بنێرێ”.
لەبارەی ئەوەی كە تاچەند زانیاریان هەیە لەبارەی ناردنی پارەی مانگی 10ی هەرێم لە بەغداوە، ناوبراو وتی “هیچ زانیارییەكمان لەوبایەوە نیە..”.
لایخۆشییەوە وتەبێژی حکومەتی هەرێم ئەمڕۆ دووشەممە بە میدیاكانی راگەیاند، كە ئەگەر بەغدا ٣٢٠ ملیارەکە بنێرێت، ئەوا دەست بە دابەشکردنی موچە دەکرێت.
جوتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان وتیشی،”لێدوانەکەی وتەبێژی حکومەتی عیراق بۆ ناردنی ٣٢٠ ملیار دینارەکە بۆ هەرێم خۆشحاڵانەیە و ئەگەر بەغدا بینێرێت ئەوا موچە دابەشدەکەن”.
راشیگەیاند، هەرێمی کوردستان بۆ دابەشکردنی موچە پێویستی بە داهاتی ناوخۆ، داهاتی نەوتی، داهاتی نانەوتی و پشکی هەرێم هەیە لە بەغدا کە ٣٢٠ ملیار دینارەکەیە.
دوێنێ یەكشەممە، وتەبێژی مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، بەغدا پابەندە بە ناردنی 320 ملیار دینارەکە بۆ هەرێمی کوردستان و وتیشی “ناکرێت جیاوازی بکرێت لەنێوان فەرمانبەرێک لە بەسرە و فەرمانبەرێک لە هەولێر”.
ئەحمەد مەلا تەڵاڵ، گوتەبێژی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بەرنامەیەکی کەناڵی ئەلعێراقییە ئاماژەی بەوەشدا كە، ئەوان تاوەکو ئێستاش لەسەر بنەمای بودجەی ساڵی 2019 پارە خەرجدەکەن، بەپێی ئەو بودجەش بەشی هەرێمی کوردستان مانگانە نزیکەی یەک ملیار دۆلارە، بەڵام لەبەرئەوەی پابەند نەبووە بە ناردنی رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت، هەروەها هەندێک پابەندیی دیکەی دارایی، هەربۆیە ئەوان ئەو بڕە داهاتە دەبڕن و تەنیا 320 ملیار دینار دەنێرن.