(نوچەنێت)
لە راگەیانراوێكدا لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، قەبارەی قەرزەکانی عێراقی بە 160 ملیار دۆلاری تێپەڕاند و دەشڵێ “مەترسی مایەپوچ بوونی حکومەت هەیە، چونکە لە پڕۆژەیاسای بودجە و یاسای چاکسازیشدا باس لە کەمکردنەوەی موچەی فەرمانبەران وەک یەکێک لە رێگەکانی کەمکردنەوەی خەرجی نەکراوە”.
ئەو راگەیانراوەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق كە (نوچەنێت) كۆپییەكی دەستكەوتووە، ئەوە رووندەكاتەوە كە قەبارەی قەرزەکانی عێراق لە بانکە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی 160 ملیار دۆلاری تێپەڕاندوە ودەشڵێ “جگە لە پڕۆژەیاسای بودجە، لە پڕۆژەی چاکسازیش کە حکومەتی پێشکەشی کردوە باس لە کەمکردنەوەی مووچەی فەرمانبەران وەک یەکێک لە رێگاکانی کەمکردنەوەی خەرجی نەکراوە و تەنها باس لە کەمکردنەوەی موچەی پلەباڵاکان کراوە.”
رۆژی پێنجشەممە رابردوو پەرلەمانی عێراق بەزۆرینەی دەنگ و بەبێ ئامادەبونی فراکسیۆنە کوردستانییەکان دەنگیدا لەسەر پڕۆژەیاسای قەرز بەمەبەستی پڕکردنەوەی کورتهێنان و دابینکردنی موچەی فەرمانبەران، لەبەرامبەردا پشکی هەرێم بەسترایەوە بە رادەستکردنی نەوت و داهاتی ناوخۆوە و بەپێچەوانەوە هەرێم پشکی لەو قەرزەدا پێنادرێت.
بەگوێرەی ناوەڕۆکی یاسای قەرز حکومەتی عێراق دەستکراوە کرا لە قەرزکردنی 12 ترلیۆن دینار بەمەبەستی پڕکردنەوەی کورتهێنان بۆ سێ مانگی کۆتایی ئەمساڵ، لەو بڕەپارەیەش 20%ـی بۆ بەگەڕخستنەوەی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان خەرج دەکرێت کە سەرەکیترینیان پڕۆژەی بەندەری فاوە لە پارێزگای بەسڕە.