(نوچەنێت)
دوای ماوەی 48 كاتژمێر لە وەستانی بۆردومانەكانی بۆ سەر ناوچە كوردنشینەكانی سووریا، سەرلەنوێ سوپای توركیا ئەو ناوچە كوردیانەی بۆردوومان كردەوە كە گوندەكانی (مەرعناز و شوارغەو مالكیە عەقلمیە) ی سنووری باكووری شاری حەلەب دەگرێتەوە.
بەپێی راپۆرتێك كە روانگەی سووری بۆ مافەكانی مرۆڤ بڵاویكردۆتەوە، دوێنێ شەممە توركیا و گروپە هاوئاهەنگەكانی لە رێگەی تۆپی دوورهاوێژ و چەند چەكێكی قوڕسەوە ئەو ناوچە كوردنشینانەی بۆردومان كردەوە كە ماوەی 48 كاتژمێر تۆپبارانی لێوەستاندبوو.
لەلایەكی دیكەی ئەو گروپانەی سەر بە دەوڵەتی توركیان لە شارۆچكەی (راجۆ) سەر بە عەفرین دەستیان بە رەشبگیری هاوڵاتیانی ئەو ناوچەیە كردووە، بەهۆی ئەوەی رۆژی پێشتر ئەو خەڵكە ناڕەزایەتیان دەربڕیوەو داوای خزمەتگوزاریی زیاتریان بۆ ناوچەكەیان كردووە.