سێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێم بەبێ نوێنەرانی كورد لە بەغدا كۆدەبێتەوە

0

(نوچەنێت)

بڕیارە ئەمڕۆ کۆبوونەوەی سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێمی کوردستان بەبێ نوێنەرانی کورد لە بەغدا ئەنجام بدرێت و یەكێتیش داوا دەكات كە ئەو كۆبوونەوەیە دوابخرێت.

 ئەمڕۆ یەکشەممە 15-11-2020 سێ سەرۆکایەتییەکە لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان کۆدەبنەوە، بەڵام مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند “مەكتەبی سیاسی بەڕەسمی داوا لەهەر سێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێمی كوردستان دەكات، كە كۆبوونەوەی راگەیێنراو دوابخات بۆ كاتێكی دیکە، بۆ ئەوەی هەموو حیزب و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان، كە نوێنەریان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هەیە بەشداربن.

 کۆبوونەوەی سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆکردنە لەبارەی یاسای قەرزی عێراق و تێپەڕاندنی یاساکە بەبێ خواستی کورد لە پەرلەمانی عێراق.

پێشتر مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پشکی کوردستان لە بودجەی فیدراڵی وەک مافێک ناوبرد، نەک پاداشت و دەڵێت “ھێشتاش دەرفەت ماوە بۆ راستکردنەوەی ئەو ستەمەی ئەنجام درا”.

 ئەم لێدوان و كۆبوونەوەیەی ئەمڕۆی سێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێم دوای ئەوە دێ، كە بەرەبەیانی پێنجشەممە 12ی تشرینی دووەم پەرلەمانی عێراق بەبێ رەزامەندیی کورد، پرۆژەیاسای قەرزی بۆ کورتهێنانی بودجە پەسندکرد. بەپێی یاساکە هیچ پشکێک لەو قەرزە بۆ هەرێمی کوردستان دیارینەکراوە، هاوکات رادەستکردنی هیچ بڕە نەوتێکیش لەسەر هەرێمی کوردستان نەسەپێندراوە، بەڵکو دانراوە کۆمپانیای سۆمۆ دیاریی بکات، بۆیە پەرلەمانتارانی کورد لە پەرلەمانی عێراق بە پێویستی دەزانن، هەرێمی کوردستان شاندێک بۆ گفتوگۆ بنێرێتە بەغدا و دەڵێن، ئەگەر پابەندبن بە نێوەڕۆکی یاسای قەرزەوە، دەتوانن لەجیاتی 320 ملیار دینار، زیاتریش وەربگرن.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com