(نوچەنێت)
میدیایەكی ئەمەریكی بڵاویكردەوە كە كەسی دووەمی رێكخراوی قاعیدە لە تارانی پایتەختی ئێران كورژاوەو، ئەو كەسەش یەكێك بووە لە داواكراوانی ئەمەریكا.
رۆژنامەی (نیۆیۆڕك تامز) لە زاری بەرپرسانی هەوڵگری ئەوەی بڵاكردەوە كە سێ مانگ لەمەوبەر كەسی دووەمی رێكخراوی قاعیدە بەناوی (عەبدوڵڵا ئەحمەد عەبدوڵڵا) ناسراو بە (ابی محمد المصری) لەیەكێك لە شەقامەكانی تارانی پایتەخت لەسەر داوای ئەمەریكا، بەدەستی كەسانی سەر بە دەزگای هەوڵگری ئیسڕائیلی كوژراوە.
ئەو رۆژنامەیە دەنووسێت “دوو پیاو لەیەكێك لە شەقامەكانی تاران بەسەر ماتۆڕسكیلێكەوە تەقیان لەناوبراو كردووەو كووشتویانە، بەڵام ئەو پڕۆسەیە تا ئێستاش بە نهێنی هیڵدرابووەوە”.
دەشڵێ “لەگەڵ كوژرانی ناوبراو كچەكەشی دەكوژرێ كە پێشتر هاوسەری حەمزەی كوڕی ئوسامە بن لادن بووە”
(أبو محمد المصری) داواكراوی ئەمەریكا بەوە تۆمەتبارە كە یەكێك بوو لە پلاندانەرەكانی تەقینەوەی هەردوو باڵیۆزخانەی ئەمەریكیا لە كینیا و تانزانیا لە ساڵی 1998 و ئەمەریكا پێشیوابووە كە ناوبراو تاكە كەسە لەناو قاعیدە كە جێگرەوەی (زەواهیری) بێت.