نوچه‌نێت
به‌ره‌به‌یانى ئه‌مڕۆ یاساى كورتهێنانى بودجه له په‌رله‌مانى عێراق په‌سند كرا و په‌رله‌مانتارانى كورد به پرۆسه‌كه رازیی نیین و به “فێڵبازیى” و “ره‌گه‌زپه‌رستى” لایه‌نه شیعه‌كان تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن.
دواى مشتومڕێكى زۆر په‌رله‌مانى عێراق به‌ره‌به‌یانى ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م ره‌زامه‌ندى له‌سه‌ر پرۆژه یاساى كورتهێنانى بودجه دا و رێگه‌ى به حكوومه‌ت دا 12 ترلیۆن دینار قه‌رز بكات.
وه‌ك په‌رله‌مانتاران ئاشكرایان كردووه، ئه‌و پرۆژه یاسایه بێ ره‌زامه‌ندى كورد په‌سه‌ند كراوه و ره‌چاوى به‌رژوه‌ندییه داراییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان نه‌كراوه.
دانا جه‌زا په‌رله‌مانتارى پارتى له په‌رله‌مانى عێراق له لێدوانێكى رۆژنامه‌وانى پرۆسه‌ى په‌سه‌ندكردنى یاساكه به “فێڵبازى” ناو ده‌بات و ده‌ڵێ، “ئێمه رێككه‌وتنمان له‌گه‌ڵ سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان كرد بڕگه‌ى تایبه‌ت به هه‌رێمى كوردستان دوا بخرێت بۆیه چووینه ژووره‌وه، كه‌چى فێڵیان لێكردین”.
له‌سه‌ر هه‌مان بابه‌ت ڤیان سه‌بڕى په‌رله‌مانتارى كورد لایه‌نه شیعه‌كان به “ره‌گه‌زپه‌رستى” تۆمه‌تبار ده‌كات و ده‌ڵێ، “تێپه‌ڕاندنى یاساكه ره‌گه‌زپه‌رستانه بوو، پیلانگێڕیى بوو له هه‌رێمى كوردستان”.