دوو پەرلەمانتاری كورد: هەرێم دەتوانێ‌ زیاتر لە 320 ملیار دینارەكە لە بەغدا وەربگرێ

0

(نوچەنێت)

دوو ئەندامی كوردی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق راگەیەندراوێكیان بڵاوكردەوە، دەڵێن، ئەگەر حكومەتی هەرێم پابەندبێت بە ناوەڕۆكی یاسای قەرزەوە، ئەوا لە 320 ملیار دینار زیاتر دەگاتە هەرێمی كوردستان، توندبوونی هەڵوێستی لایەنە شیعییەكانیش دوپاتدەكەنەوە.

هەردوو پەرلەمانتاری كورد (ئەحمەد حاجی رەشید) و (هۆشیار عەبدوڵڵا)، كە ئەندامن لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، لە راگەیەندراوەكەیاندا دەڵێن، “تۆماری دانیشتنەكانی لیژنەی دارایی هەن، ئەوەی پێمانكرا لە شەڕ لەسەر 320 ملیارەكە كردمان، كوتلە شیعیەكان ئێجگار توندبون، دەیانگوت دوو ساڵە بێ ناردنی یەك بەرمیل نەوت، پارە دەنێرین و نیەتباشی نیشان دەدەین، ئیدی بێ نەوت پارە نیە، وتیان هەڵبژاردن لە پێشە و خەڵكەكەمان قبوڵی ناكات”.

باسیان لەوەشكردوە، “دوێنێ بەرێز خالد شوانی بە نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم هاتە لیژنەی دارایی، وتەكانی هەموی تۆماركراوە، دەقی نامەیەكی حكومەتی هەرێمی خوێندەوە، كە لە 18ی 10ی 2020 ناردویانە بۆ حكومەتی عێراق و دەڵێن، ئیلتیزام دەكەین بە ناوەڕۆكی رێكەوتنەكەمانەوە، نەوتەكە بنێرن لە 320 ملیار زیاتر دەگاتە هەرێم”.

دوو پەرلەمانتارەكە دەشڵێن، “ئەگەر هەرێم بەپەلە وەفدێك بنێرێتە بەغدا و لەگەڵ سەرۆك وەزیران و وەزیری دارایی بكەونە گفتوگۆ و پابەند بن بە ناوەڕۆكی یاسای قەرزەوە، دەتوانن لەبری 320 ملیارەكە، زیاتر دەستبخەن، مەلەفی ئاڵۆزی نەوتی هەرێم لەگەڵ بەغدا هەر دەبێت چارەیەكی بۆ بدۆزرێتەوە، ئێستا كاتی ئەوەیە ئەو هەنگاوە بنرێت”.

هۆشداریی ئەوەشیان داوە، “ئەگەر هەرێم بۆ ئەم 3 مانگە لە یاسای قەرزدا نەتوانێت بەپەلە نیەتباشی نیشانبدا و بەشێك لە نەوت و داهاتەكان نەگەرێنێتەوە، ئەوا بۆ یاسای بودجەی 2021، كە بەمزوانە دەگاتە پەرلەمان، كێشەی گەورەتری بۆ دروست دەبێت، بۆیە ئێستا كاتی هەنگاوی كردارەكییە لەپێناو ژیان و موچەی خەڵكی هەرێم نەك هیچی تر”.

ئەو دوو پەرلەمانتارە دووپاتیدەكەنەوە، “لەیاساكەدا مەجالێكی فراوان بۆ دانوستان هەیە، تیایدا هاتوە، نەوتی هەرێم ئەو بڕەی شەریكەی سۆمۆ دیاریی دەكات، هەرێم دەتوانێت لەگەڵ سۆمۆ بكەوێتە گفتوگۆ و لەسەر ئەو رێژەیە لە نەوت رێككەوتن بكات كە دەتوانێت بینێرێت”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com