(نوچەنێت)
پارێزگاری سلێمانی بڕیاریدا بەبۆنەی كۆچی دوایی قادری حاجی عەلی، سێ رۆژ ماتەمینی لەپارێزگاكە رابگەیەنێت.
د.هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی رۆژی 10ی تشرینی دووەمی 2020 لە ڕاگەیەنراوێكدا بەناوی پارێزگای سلێمانییەوە پرسەو خەم و ماتەمینی خۆیانی بۆ كۆچی قادری حاجی عەلی سەركردەیەكی سیاسی ناسراوی كورد دەربڕیوە و بڕیاریداوە وەك پارێزگای سلێمانی پرسەیەكی سەرتاسەری بۆ ماوەی سێ ڕۆژ رابگەیەنین.
بەپێی پڕۆتۆكۆڵی سیاسی و فەرمی، مەبەست لەڕاگەیاندنی ماتەمینی بۆ ماوەی سێ رۆژ داگرتنی ئاڵای عێراق و هەرێمی كوردستانە لەگشتی دامەزراوە فەرمییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان تا ئاستی نیوە.
قادری حاجی عەلی سیاسی ناسراوی كورد دوێنێ لە تەمەنی 65 ساڵیدا و بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە لەشاری سلێمانی كۆچی دوایی كرد، بڕیاریشە ئەمڕۆ تەرمەكەی بەخاك بسپێردرێت.