(نوچەنێت)
دواجار كۆماری ئیسلامیی ئێران رەزامەندی نیشاندا لەسەر گفتوگۆكردن لەگەڵ ئەمەریكا ، بەڵام دەڵێ مەرجمان هەیە.
سەعید خەتیب زادە، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەتاران رایگەیاند “رێکەوتنی ئەتۆمی بەرهەمی دانوستاندنی نێوان ئێران و وڵاتانی دیکە بوو، ئێمە چەندینجار گوتوومانە، ئەوە لە رابردوودا روویداوە و جارێکی دیکە گفتوگۆی لەسەر ناکەینەوە”.
وتیشی ” ئیدارەی ترامپ “رێیەکی زۆر هەڵەی گرتەبەر لە چەند ساڵی رابردوودا.. هیچ شتێک جگە لە زمانی ئاشتی و رێزگرتن لە کەسایەتییەکەی، سوود بەگەلی ئێران ناگەیەنێت”، ئاماژەی بەوەشدا “هەلێک هەیە بۆ ئەوەی واشنتن لەو ساختەچی و مایەپووچانە دووربکەوێتەوە، کە راوێژ بە ئیدارەی ئەمەریکا دەدەن”.
خەتیب سێ مەرجی بۆ پەیوەندییەکان لەگەڵ واشنتن دەستنیشانکردووەو دەڵێ “سێ گۆڕانکاری گرنگە ئەگەر هیچی دیکە روونەدات، یەکەمیان گۆڕینی هزر و بڕوای بڕیاردروستکەرانی ئەمەریکا، دووەمیان گۆڕینی گوتار و زمان بەرامبەر گەلی ئێران و سێیەمیان، گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بۆ پاشەکشە لەرێی هەڵە و قەرەبووکردنەوەی سیاسەتە چەوتەکان”.
لەوەڵامی پرسیارێکیشدا لەبارەی بوونی پەیوەندی لەنێوان ئێران و تیمەکەی بایدندا، خەتیب زادە گوتی وەڵامەکەم “نێگەتیڤە، ئێمە پەیوەندیمان لەگەڵ هیچ کەسێکدا نییە لەدەرەوەی ئەو بابەتانەی، پەیوەندییان بەڕێکەوتنی ئەتۆمییەوە هەیە، بەتایبەت ئیدارەی داهاتووی ئەمەریکا کە هێشتا دەسەڵاتی وەرنەگرتووە”.