ئامارى زیانى هێرشه‌كانى ئێران و توركیا و په‌كه‌كه‌ ئاشكرا ده‌كرێت

0

شلێر سەعید ، بە نوچە نێت

له‌ كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانى دیندارى زێبارى رێكخه‌رى راسپارده‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له‌ حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، ئه‌و زیانانه‌ى ئاشكرا كرد كه‌ به‌هۆى هێرشه‌كانى توركیا و ئێران و په‌كه‌كه‌وه‌ به‌ر خه‌ڵكى چه‌ند ناوچه‌یه‌كى كوردستان كه‌وتوون.

بوونی چەكدارانی پەكەكە وجموجۆڵەكانیان لەناوچەكانی هەرێمی كوردستان بووه‌تە هۆی زیانی گیانی و مادی وخەڵكی ناتوانن ژیانى ئاسایى خۆیان بژین.

دیندار زێباری، رێكخەری راسپاردە نێو دەوڵەتیەكان لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ئه‌مڕۆ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا هه‌ندێك زانیارى و ئامارى له‌سه‌ر زیانه‌كان ئاشكرا كرد و رایگەیاند، لەڕووی هەواڵگرییەوە لە ناوچەكەدا ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم تەنیا لایەن بووە كە زانیاریەكانی لەلایەن هاوپەیمانی نێودەوڵەتیەوە متمانەی پێكراوە.

دواى ئه‌م تێبینییه‌ زێبارى باسى له‌ بارودۆخى ناوچه‌كان كرد وگوتی، “ئەو دۆخەی لە ناوچە سنوورییەكانی پارێزگای دهۆك هەیە جێی نیگەرانین ،چونكە زیانێكی زۆر بەر خەڵكی ناوچەكە كه‌وتووه‌ تەنیا لە مانگی حەوتدا زیاتر لە 33 بۆردومان لە ناوچەكانی بادینان هەبووە، 20 جاریش تۆپباران لەو ناوچانە هەبووە”.

زێباری زانیارى زیاترى خسته‌ڕوو و گوتیشی “هێرشەكانی توركیا وئێران جێگای نیگەرانی ئێمەن، تەنیا لە ماوەی 10 مانگی رابردوودا 272 هێرشی ئاسمانی كراوە و 185 جار تۆپبارانی ئێران و توركیا هەبووە و لە كۆی گشتیدا لەو ناوچانەدا 28 كەس شەهید بووە و لەمساڵدا پێنج شەهید و 10 بریندار هەبووە”.

دواى خسته‌ڕووى زیانه‌كانى هێرشه‌كانى ئێران و توركیا، دیندار زێباری هاته‌سه‌ر ئه‌و زیانانه‌ى كه‌ به‌هۆى په‌كه‌كه‌وه‌ به‌ر خه‌ڵكى ناوچه‌كانى كوردستان گه‌یشتووه‌ و گوتی، “لە سنووری شیلادزێ 85 گوند بەهۆی ئەو حزبەوە چۆڵكراون و لە سنووری ئامێدی 169 گوند رێگرییان لێكراوە خەڵكی ئەو گوندانە هاتووچۆی گوندەكانیان بكەن، ئەمەش جێگای نیگەرانی و دڵگرانیمانە كە خەڵكی ئەو ناوچانە ئاوارە بوونەتەوە”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com