شلێر سه‌عید، تایبه‌ت به نوچه‌نێت
ماڵپه‌ڕێكى عێراقى بڵاوى كردووه‌ته‌وه هه‌وڵ ده‌درێت دانوستاندن له‌گه‌ڵ په‌كه‌كه بكرێت و سه‌رچاوه‌كانیش له‌كوردستانه‌وه ده‌ڵێن تا ئێستا هیچ هه‌وڵێكى له‌م شێوه‌یه نییه.
ماڵپه‌ڕى به‌غداد توده‌ى بڵاوى كردووه‌ته‌وه، هه‌وڵێك هه‌یه بۆئه‌وه‌ى دانوستاندن له‌گه‌ڵ په‌كه‌كه بكرێت بۆئه‌وه‌ى سنوورێك بۆ هه‌ڵسوكه‌وته‌كانى دابنرێ، له شنگالیش بكشێته‌وه تا رێككه‌وتنه‌كه جێبه‌جێ بكرێت.
كه‌چى سه‌رچاوه‌كان له هه‌رێمى كوردستان بوونى هه‌وڵێكى له‌م شێوه‌یه ره‌ت ده‌كرێته‌وه. دوێنێ رێبه‌ر ئه‌حمه‌د وه‌زیرى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان و خالید شوانى وه‌زیرى هه‌رێم بۆ كاروبارى هه‌رێم وبه‌غدا له‌لایه‌ن لیژنه‌ى ناوچه‌كانى كوردستانییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى هه‌رێم گفتوگۆیان له‌گه‌ڵ كرا، به‌شێك له قسه‌كانیان تایبه‌ت بو‌و به رێككه‌وتنى شنگال.
عه‌بدولناسر ئه‌حمه‌د وسیروان بابان كه دوو ئه‌ندامى لیژنه‌كه له لێدوانه‌كانیان بۆ “نوچه‌نێت” باسیان له‌وه كرد هیچ بابه‌تێكى دانوستاندن له‌گه‌ڵ په‌كه‌كه له ئارا نییه و ئه‌ركى ده‌ركردنى په‌كه‌كه له شنگال له ئه‌ستۆى عێراقه.
ئه‌و په‌رله‌مانتارانه باسیان له‌وه‌یش كرد ئه‌مڕۆ سێشه‌م خالید شوانى جارێكى تر بۆ جێبه‌جێكردنى رێككه‌وتنى شنگال سه‌ردانى به‌غدا ده‌كاته‌وه.
رۆژى چوارى ئه‌م مانگه له چه‌مانكێى ده‌ڤه‌رى ئامێدى له‌لایه‌ن په‌كه‌كه‌وه هێرش كرایه سه‌ر پێشمه‌رگه و پێشمه‌رگه‌یه‌كیان شه‌هید كرا و دووانیش بریندار بوون، له‌باره‌ى ئه‌وه‌ى ئایا هه‌وڵێك هه‌یه دانوستاندن له‌گه‌ڵ په‌كه‌كه بكرێت بۆئه‌وه‌ى سنوورێك بۆ ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌ى دابنرێت، لیوا قاره‌مان كه‌مال جێگرى سوپاسالار له وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه بێ ئاگایى خۆى نیشان دا و سه‌باره‌ت به چۆنیه‌تى جێبه‌جێكرنى رێككه‌وتنى شنگالیش و ئه‌و ئاسته‌نگانه‌ى دێنه به‌رده‌مى لیوا قاره‌مان گوتى، “ئه‌مه په‌یوه‌ندى به وه‌زاره‌تى ناوخۆ هه‌یه و پێشمه‌رگه ته‌ده‌خولى ناكات”.